كێ رێگری لە عادل عەبدولمەھدی كرد دەستلەكار بكێشێتەوە؟

هەواڵ / عێراق :: 15/10/2019‌ :: 1402‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەغدا

سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی ئاشكراشیكرد: دوای ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران كرا، ھاوپەیمانی فەتح و باڵی سیاسی حەشدی شەعبی رێگرییان لە عادل عەبدولمەھدی كردووە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات، داوایان لێكردووە بۆ كاتێكی دواتر دوایبخات.


سایتی تەسریبات ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ بڵاویكردەوە، دوای خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی پارێزگاكانی عێراق و ئەو توندوتیژی و پێشێلكارییانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدرا، ھەریەكە ھاوپەیمانی فەتح و باڵی سیاسی حەشدی شەعبی رێگرییان لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات.

تەسریبات لە سەرچاوەیەكی باڵای سیاسییەوە بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران بە چەند مەرجێكی جیاواز رەزامەندی لەسەر دواخستنی دەستلەكاركێشانەوەكەی داوە، كە یەكێك لەو مەرجانە گۆڕانكاری وەزاری بووە.

دەشڵێت: "عادل عەبدولمەھدی پێش كۆتایی ئەمساڵ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش دەكات، ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێنەكرێن".


ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كورد رەتیانكردووەتەوە عادل عەبدولمەھدی دەستلەكاربكێشێنەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو ئامادەكارییانەی بەڕێوەدەچێت بۆ رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا، بۆماوەی شەش ساڵ.

ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردووەتەوە، ناكرێت كورد بەو دەستلەكاركێشانەوە رازی بن، كە گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی بكرێت لە دەرەوەی چوارچێوە دەستورییەكان.

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure