سێ به‌رپرسی كورد ده‌ستگیركران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 21071‌ جار بینراوە

دواڕۆژ؛ عیسا عه‌بدولقه‌هار 
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى توركیا هه‌ر سێ سه‌رۆك شاره‌وانى جوله‌مێرگ و گه‌ڤه‌ر و ئه‌رجیش-یان له‌ باكورى كوردستان ده‌ستگیركرد. 

عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ، حكومه‌تی توركیا سه‌رۆكی شاره‌وانی جوله‌مێرگ، گه‌ڤه‌ر ئه‌رجیش له‌ پۆسته‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ و ده‌ستگیركران به‌ڵام جارێ دیار نییه‌ دادگایی ده‌كرێن یان نا. 

وتیشی: "مانگی رابوردوو، حكومه‌تی توركیا هه‌رسێ سه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین، وان و ئامه‌دی له‌ باكووری كوردستان دوورخسته‌وه‌".

 

له‌باره‌ی هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان، عابد ئیكه‌ وتی: "توركیا ده‌یه‌وێت رێگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونی دیموكراتی له‌ باكووری كوردستان بگرێت، چونكه‌ توركیا سیسته‌می هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی قبوڵ نییه‌ كه‌ له‌ باكورى كوردستان له‌لایه‌ن ژن و پیاوێكه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كوردییه‌كان نه‌توانن كار بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان بكه‌ن تاوه‌كو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌نگی پێویست نه‌هێنن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure