له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/10/2019‌ :: 317‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یماناندا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌م زووانه‌ هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌گاته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2019) وه‌زیر و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هاوپه‌یمانان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كۆبوونه‌وه‌ و دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یاندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم داوای له‌ ئاماده‌بووان كرد، راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی دواین رووداو و چالاكییه‌كانی ماوه‌ی رابردوو بخه‌نه‌ڕوو.

به‌پێی راگه‌یاندراوه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ئیداره‌ و میرە، ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و هه‌واڵگری گشتی خوێندرانه‌وه‌، كه‌ تیایدا رووداو و هه‌نگاوه‌كانی ماوەی رابردوو به‌ داتا و ژماره‌ خڕانه‌ڕوو. پاشان بە تێرو تەسەلی گفتۆگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ ده‌ربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو یارمەتیانەی هاوپەیمانان کرا کەوا بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بگاتە وەزارەتی پێشمەرگە.


وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: خولی فێربوونی زمانه‌كانی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌ند زمانێك قسه‌ بكات.

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure