ترامپ: زوو بڕیارێک دەردەکەم بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی تورکیادا

هەواڵ / جیهان :: 14/10/2019‌ :: 23382‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


دۆناڵد ترامپ رایگەیاند: زوو بڕیارێک دەردەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی تورکیادا کە دەستی هەبووبێت لە کارە ناسەقامگیرییەکەی تورکیا لە باکوری رۆژئاوای سوریا، لە یەکەم سزاشدا باجی سەر ئاسنی تورکیا بە ڕێژەی 50% زیاد دەکرێت.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا باسی ئەوەشی کردووە کە دانوستاندنە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تورکیا دەوەستێنن.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "سزاکەی بەرپرسانی تورکیا ئەو کەسانەیش دەگرێتەوە کە دەستیان هەبووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە ئاوارەبوونی خەڵکدا".

ترامپ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: قبوڵکراو نییە خەڵکی مەدەنی بکرێتە ئامانج.

ترامپ دەشڵێت: "سزاکان لایەنی دارایی و بلۆککردنی سامان و قەدەغەکردنی هاتنیش بۆ ناو ئەمریکا دەگرێتەوە".

 

سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە لەگەڵ ئەردۆغان روون بووە کە کارەکەی دەبێتە پێشێلکاری و تاوانی جەنگی تێدا روودەدات.

دەشڵێت: "دانوستاندنەکانمان لەگەڵ تورکیا لەبارەی رێککەوتنی بازرگانییەوە بە بەهای 100 ملیار دۆلار دەوەستێنرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا ترامپ دەڵێت: "ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا سەقامگیری ناوچەکە و خەڵکی سڤیل و ئارامی و ئاسایشی خستووەتە ژێر مەترسییەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە هێزێکی کەمی ئەمریکا لە سوریا لە تەنەف دەمێننەوە تاوەکو رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش ببنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "دەبێت تورکیا پارێزگاری لە خەڵکی سڤیل بە تایبەتی پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکان لەو ناوچەیە بکات".

ترەمپ دەشڵێت: "بە تەواوی ئامادەم ئابووری تورکیا تێکبشكێنم ئەگەر لەسەر ئەم رێگە مەترسیدارە بەردەوام بن".

ئامادەکردنی: کارزان ساڵح





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure