هەشت پەنابەری كورد لەگرتوخانەیەكی یۆنان مانیان لەخواردن گرتووە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 372‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیەنێت: هەشت پەنابەری كورد لەگرتووخانەی كەمپی كۆرینتۆس لەوڵاتی یۆنان بەرامبەر رزگاركردنیان لەو شوێنە، شەش رۆژە مانیان لەخواردن گرتووە.


ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەمڕۆ (14ی تشرینی یەكەمی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی لەگرتوخانەی كەمپی كۆرینتۆس لەشاری كۆرینتۆس لەوڵاتی یۆنانەوە هەشت پەنابەری كورد پەیوەندییان پێوەكردوون كە لەڕۆژی 26ی ئەیلولەوە دوای گەیشتنیان بە یۆنان رەوانەی گرتوخانەی ئەو كەمپە كراون و لەو كاتەوە تا ئێستا دەستبەسەرن و شەش رۆژە مانیان لەخواردن گرتووە.

ناوبراو روونیكردەوە: دەزگاكەیان بۆ بەهاناوەچوونی ئەو پەنابەرانە پەیوەندی بە بەرپرسانی كەمپەكەوە كرد تاكو لە باشی و سەلامەتی رەوش و ژیانی ئەو كەسانە دڵنیا بێتەوە و هەرچی زووە لەو كەمپە ئازاد بكرێن.

سەرۆكی دەزگای لوتكە ئاشكرایكرد: لەسەر رەوشی خراپی رەوشی ژیانی پەنابەران لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، شەهرام حەمە نوێنەری دەزگاكەیان لە یەكێتی ئەوروپا سەردانی چەند كەمپێكی لەو وڵاتە كرد بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ژیانی پەنابەران، لەكۆتاییدا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی رەوشی ژیانی پەنابەر بەگشتی و كورد و عەرەبەكان بەتایبەتی لە دۆخێكی خراپدان، بۆیە نوێنەریان كەوتەكار بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕازی و ژیانی خراپی پەنابەران بە بەرپرسانی یۆنان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە جیهاندا.

 

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure