پاشای جەنگە بازرگانییەكە كێیە؟

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پیتەر ناڤارۆ ئابووریناسێكی تەمەن 70 ساڵەی ئەمریكییە كە بیروبۆچوونی سەیر و تاكڕەوانەی هەیە سەبارەت بە سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی سیستمی بازرگانی و ئابووریی ئێستای ئەمریكا بە جۆرێكی وا كە زۆربەی ئابووریناسەكان بە بیروبۆچوونی هەڵە و كۆن و چەواشەكاریی دادەنێن.

ئەم كابرایە پێشتر بەرگریكارێكی سەرسەخت بوو لە پرینسیپەكانی بازرگانیی ئازاد و پشتیوانیكردنی هەژاران. داوای دەكرد باج-ی گەورە بخرێتە سەر دەوڵەمەندەكان بۆئەوەی سەرلەنوێ‌ سامان و دارایی بەسەر هەموو خەڵكیدا دابەش بكرێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو ئەم كابرایە زیاتر لە 20 ساڵ ئەندامی حیزبی دیموكراتی ئەمریكا بوو. بەڵام ئێستا سەرۆكی نووسینگەی سیاسەتەكانی بازرگانیی پیشەسازییە لە ئیدارەكەی سەرۆك ترامپ-دا و یاریدەدەریشیەتی بۆ كاروباری ئابووریی. بەوە ناسراوە داڕێژەری بەرنامەی جەنگە بازرگانییەكەی ئەمریكایە دژی چین.
بەرلەوەی چین بچێتە ناو رێكخراوی بازرگانیی جیهانییەوە 2001 ئابووریی چین لێی چاوەڕوان نەدەكرا بەوشێوەیە گەشە بكات و بگاتە پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان. لە ئاكامی ئەمەدا ناڤارۆ توێژینەوە ئابوورییەكانی چڕ كردەوە لەسەر سیاسەتەكانی چین كە ئەو بە نادادپەروەرانە وەسفی دەكات و دەڵێت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیانی گەیاندووە بە ئابووریی حكومەتی ئەمریكا و هاووڵاتییەكانی، كە بووەتە هۆی زیادبوونی كورتهێنانی بازرگانی و بێكاربوونی ژمارەیەكی زۆری ئەمریكی چونكە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا و كارخانە ئەمریكیەكان گواستیانەوە بۆ وڵاتی چین لەبەرئەوەی ژینگەی كاركردن لەوێ‌ هەرزانە و دەوڵەت پشتیوانی لێ‌ دەكات. 
ئەمە وای لە ناڤارۆ كرد ساڵی 2006 یەكەم كتێبی تایبەتمەندی خۆی لە كاروباری چینی-دا بڵاوبكاتەوە لەژێر ناونیشانی (جەنگە داهاتووەكانی چین)، كە مەبەست لێی روونكردنەوەی دیاردەی هەڵكشانی وڵاتی چین بوو لەڕووی ئابوورییەوە و كاریگەرییەكەی لەسەر ئەمریكا.
ناڤارۆ زیاتر و زیاتر خۆی تەرخانكرد بۆ تێگەیشتن لە ئابووریی چین و لە ساڵی 2011دا بە هاوبەشی لەگەڵ نووسەرێكی تردا دووەمین كتێبی بڵاوكردەوە بە ناونیشانی (مردن بەهۆی چین-ەوە) كە هۆشداریی دەداتە ئەمریكییەكان و جیهان سەبارەت بە سیاسەتە بازرگانییەكانی پەكین، ئەو سیاسەتانەی كە گوایا هەڕەشەن بۆسەر ئابووریی و ژینگە. ئەمە لەكاتێكدا بوو كە تەنیا ژمارەیەكی كەمی ئابووریناسان هاوڕا بوون لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی ناڤارۆدا، بێجگە لە یەكێك لە بزنسمانە هەرە بەناوبانگەكان كە 8 ساڵ دوای ئەوە بوو بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان.
بەرهەمەكانی ناڤارۆ بە توندی سەرنجی دۆناڵد ترامپ-ی ملیادرێیان راكێشا و لەئاكامی ئەوەدا دۆستایەتییەكی بەهێز لەنێوانیاندا دروست بوو لەسەر ئەو بناغەیەی كە هەردووكیان نەك هەر پێیانوابوو سیاسەتە ئابوورییەكانی چین هەڵەن بەڵكو لەوەیشدا هەردووكیان پێیانوایە تاقە چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەلهاویشتنی چین لەسەر ئاستی جیهان، سەپاندنی باج-ی گەورەیە بەسەر كاڵا هاوردەكراوەكانی چین بۆ ئەمریكا. بەجۆرێك كە پەكین ناچار بكات سیاسەتەكانی خۆی هەموار بكاتەوە و پابەند ببێت بە پرینسیپەكانی بازرگانیی ئازادەوە.
ناڤارۆ باش دەزانێت كە جەنگی بازرگانی لەنێوان دوو هێزی ئابووریی گەورەی وەك چین و ئەمریكا تەنیا هەر زیان بەو دوو ئابوورییە ناگەیەنێت بەڵكو هەموو جیهان تووشی قەیرانی بازرگانی و ئابووریی گەورە دەكات. 
ناڤارۆ كە لە كۆتایی حەفتاكاندا خوێندنی باڵای لە بواری ئابووریی و سیاسەتدا لە زانكۆی هارڤارد تەواو كرد، ماوەی چەند ساڵێك وەك مامۆستای زانكۆ كاری كردووە و لە كۆتایی هەشتاكاندا چووەتە ناو جیهانی سیاسەتەوە. لەو قۆناغەدا ناڤارۆ كەوتە دژایەتیكردنی كەسایەتییە ناودارەكانی كۆماریخوازان و بەوە تۆمەتباری كردن كە چاوچنۆك و دوژمنی ژینگەن و ئامادەییان تێدایە هەموو فڕوفێڵ و چەواشەكارییەك ئەنجامبدەن.
زوربەی ئابووریناسەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە بە ئەندامبوونی چین لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا لە ساڵی 2001 بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەك لە ئابووریی ئەمریكادا كە پێی دەوترێت زەبرە چینییەكە. ئەمەیش بریتییە لە نغرۆكردنی بازاڕەكانی ئەمریكا بە بەرهەمە هەرزانەكانی چین لە جلوبەرگ و كەرەستەی ناوماڵ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و كاڵاكانی تر. ئەمە ناهاوسەنگییەكی گەورەی دروستكرد لە نێوان هەناردە و هاوردەی بازرگانییدا. هەر بۆ نموونە ساڵی رابوردوو ئەمریكا بایی 3.1 ملیار دۆلار كەلوپەل و خزمەتگوزاریی لە چین هاوردە كردووە و تەنیا بایی 2.5 ملیار دۆلار كاڵای بۆ هەناردە كردووە.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو ژمارەیە پێی دەوترێت كورتهێنانی بازرگانیی ئەمریكی لەگەڵ چین-دا، هەر ئەمەیشە خاڵی ناكۆكی سەرەكی لە نێوان بیروبۆچوونی ئابووریناسە سەرەكییەكان و ناڤارۆ-دا.
گرنگترین مەسەلە لای ناڤارۆ ئەوەیە هەر دۆلارێك كە دەدرێت بە كاڵایەكی چینی بەكاردەهێنرێت بۆ چەكداركردنی سوپاكەی پەكین كە هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا. پێویستە ئەوەش بڵێین كاتی خۆی ترامپ وەك بزنسمانێكی گەورە هەمان بیروبۆچوونی هەبووە بەرامبەر ژاپۆن كە لەو سەردەمەدا دووەمین ئابووریی جیهان بوو. ترامپ ئەوكاتە باوەڕی وابوو كە تاقە رێگا بۆ راوەستانی گەشەسەندنی ئابووریی ژاپۆن لەسەر حیسابی ئەمریكا سەپاندنی باجی گەورەیە بەسەر كاڵا بازرگانییەكانی ژاپۆن-دا كە واشنتۆن هاوردەی دەكات.
 ناڤارۆ بە بووژاندنەوەی ئەم بیرۆكە ئابوورییە بەرنامەكەی ترامپ-ی دەوڵەمەندتر كرد و سەركەوتنی بۆ مسۆگەر كرد كە لە ساڵی 2016دا بووە سەرۆكی ئەمریكا. 
ترامپ بۆ بەهێزكردنی پێگەی ناڤارۆ لە ئیدارەكەیدا پۆستێكی تایبەتی بۆ دروستكرد لە كۆشكی سپی. 
سووربوونی ناڤارۆ لەسەر هەڵوێست و سیاسەتەكانی خۆی، جێی بە ركابەرەكانی لێژ كرد لە كۆشكی سپی-دا و ئێستا كلیلی ئەقڵی ترامپ لە بواری ئابووریی و بازرگانیدا ئەم ئابووریناسە پێداگرەیە كە كارێكی كردووە كۆشكی سپی بە شێوازێكی جیاوازتر لە جاران رەفتار بكات لەگەڵ رێكخراو و بانك و دامەزراوە ئابووریی و بازرگانییە جیهانییەكاندا.
كێشەكە لەوەدایە زیانلێكەوتنی ئابووریی چین خراپ رەنگدەداتەوە لەسەر ئابووریی یەكێتی ئەوروپایش كە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی پەكین-ە. بەڵام ئەمە زۆر بەلای ترامپ-ەوە گرنگ نییە، گرنگ ناڕەزایی و زەرەرمەندبوونی جووتیارە ئەمریكییەكانە كە بەهۆی ئەو سیاسەتەی كۆشكی سپییەوە پەكین بڕیاریداوە كڕینی بەرهەمی كشتوكاڵی ئەمریكیی زۆر سنووردار بكات.
پسپۆڕەكانی بواری ئابووریی دەڵێن زەرەرمەندی گەورە لەم جەنگە بازرگانییەدا هاووڵاتی ئەمریكییە. پێدەچێت حكومەتی پەكین زۆر ترسی نەبێت لەم سیاسەتەی ترامپ و دڵنیابێت لەوەی كە ساڵی ئاییندە ترامپ كۆشكی سپی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵیدا جەنگە بازرگانییەكەیش كۆتایی دێت.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح


 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure