رۆژنامەنووسانی بیانی رۆژئاوای کوردستان جێدەهێڵن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 271‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و پێکدادانی قورس و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی سوپای سوریا و روسیا لەگەڵ سوپای تورکیا، رۆژنامەنووسانی بیانی رۆژئاوای کوردستانیان جێهیشت و گەڕانەوە باشووری کوردستان. رۆژنامەنووسێکی بریتانیش دەڵێت: "مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە. بەداخەوە بۆ وڵاتەم کە کوردەکانی هاوپەیمانی بەتەنیا جێهێشت".



رۆژنامەنووسی جیهانی و پەیامنێری کەناڵ چوار-ی بریتانی لەبارەی جێهێشتنی رۆژئاوای کوردستان و گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "من ئەمڕۆ دووشەممە ۱٤ی تشرینی یەکەمی ۲٠۱۹ رۆژئاوای کوردستان-م بەجێهێشت و گەڕامەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەوە جێگای داخە و زۆر شەرمە بۆ حکومەتی وڵاتەکەم (مەبەستی بریتانیایە) کە کوردەکانی سوریای بەتەنیا بەجێهێشت لە ژێر دڵڕەقی و بێویژدانیی سوپای سوریای سەر بە بەشار ئەسەد و سوپای تورکیا کە رەنگە لە هەر حاڵەتێکدا کۆمەڵکوژییان بەرامبەر بکرێت".


هەروەها دەڵێت: "حکومەتی بریتانیا لەگەڵ ئەمریکا بەیەکەوە پشتگیرییان لە کوردەکان دەکرد لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش، بەڵام بەداخەوە ئەوانیان بەتەنیا جێهێشتووە".

رۆژنامەنووسێکی تر دەڵێت: "ئێمە بەتەواوی رۆژئاوای کوردستانمان جێهیشت و گەڕاینەوە هەرێمی کوردستان. ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ رۆژئاوا".

فریلانس لۆڤید ئاترا کە چوار ساڵە وەك رۆژنامەنووسی جەنگ لە رۆژئاوای کوردستان رووماڵی رووداوەكان دەکات، دەڵێت: "ئێمە دواجار بەداخەوە رۆژئاوای کوردستان(سوریا)مان جێهێشت، گەڕاینەوە ناو خاکی عێراق (هەرێمی کوردستان)، چونکە ئەگەری زۆر هەیە پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای سەر بە بەشار ئەسەد و  سوپای تورکیا رووبدات و ئەوەیش جەنگێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە. جگە لە هاووڵاتیانی سیڤیل و کوردەکان ئێمەیش لە مەترسیدابووین، بۆیە بەناچاری رۆژئاوامان جێهێشت".

هەرلەبارەی جێهێشتنی رۆژئاوای کوردستان، جۆن ئیرڤین پەیامنێری ITVNEWS بریتانی دەڵێت: "دوای ئەوەی رژێمی سوریا و سوپاکەی گەڕانەوە بۆ رۆژئاوی کوردستان و دەستەڵاتی گرتەدەست، ئێمە نزیکەی۲٠ رۆژنامەنووس کە زۆربەمان ئەوروپین، رۆژئاوای کوردستانمان جێهێشت بۆ ناو خاکی عێراق".

جۆن ئیرڤین دەڵێت: "ئێمە هیچیمان بە ڤیزای سوریا نەڕۆیشتووین بۆ رۆژئاوای کوردستان و ئەوەیش لەهەر حاڵەتێکدا نایاساییە. ئەگەر سوپای سوریای سەر بە بەشار ئەسەد ئێمەی ببینیایە بەدڵنیایی دەستگیردەکراین و دەخراینە زیندانەوە".


پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح


 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure