دایكه‌ عه‌قیده‌ ؛ چیرۆكى ئه‌و ژنه‌ كورده‌ى ئاماده‌نه‌بوو شارۆچكه‌كه‌ى جێبهێڵێت و بۆردومانى توركیا شه‌هیدیكرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 9366‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ئێواره‌ی دوێنێ  یه‌كشه‌ممه‌ ۱۳ی تشرینی یه‌كه‌می ۲٠۱۹فڕۆكه‌كانی توركیا كاروانێكی خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان  له‌ رۆژئاواى كوردستان بۆردوومانكرد كه‌ به‌نیازبوون بچنه‌ شارۆچكه‌ى گرێسپی بۆ خۆپیشاندان دژی توركیا, له‌و په‌لاماره‌دا ۸٦ هاووڵاتی بریندار و ۱۱ی دیكه‌یش شه‌هید بوون، دایكه‌ عه‌قیده‌ یه‌كێك بوو له‌ شه‌هیده‌كانی ئه‌و بۆردوومانه‌.

رامان حه‌سێ چالاكوان دانیشتووی سه‌رێكانی، له‌ باره‌ی چیرۆكی دایكه‌ عقیده‌ بۆ دواڕۆژ وتی:"دایكه‌ عه‌قیده‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی هێرشی داگیركاریی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، به‌شه‌ڕڤانانی ده‌وت: تاكۆتایی ده‌جه‌نگین و با هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ بمرین، حه‌زده‌كه‌م من دوای هه‌مووتان بمرم چونكه‌ لێره‌ له‌ سه‌رێكانی له‌دایكبووم و بالێره‌یش بمرم".
دایكه‌ عه‌قیده‌ دایكی دوو شه‌هیدی شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌-یه‌، سه‌رداری كوڕی ساڵی ۲٠۱٥ له‌ كۆبانێ و لیلاڤى كچیشی ساڵی ۲٠۱۷ له‌ حه‌سه‌كه‌ شه‌هید بوون.

رامان حه‌سێ ده‌ڵێت:"دایكه‌ عقیده‌ له‌گه‌ڵ خراپبوونی بارودۆخه‌كه‌ و هێرشی فڕۆكه‌كان و میلیشیاكان و سوپای توركیا، ئاماده‌نه‌بوو سه‌رێكانی جێبهێڵیت، له‌كاتێكدا له‌ چوارقۆڵه‌وه‌ هێرش كرابووه‌ سه‌ر سه‌رێكانی و به‌رگریی سه‌خت ده‌كرا له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانان. مه‌ترسیشی زۆر له‌سه‌ر بوو چونكه‌ نزیكه‌ى پێنج هه‌زار چه‌كدار و سه‌رباز هێرشیان ده‌كرد به‌ تۆپ و فڕۆكه‌".

رامان  ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌ڕدا، كاتژمێر سێى پاشنێوه‌ڕۆ ده‌نگوباسسمان بۆ هات كه‌ ئه‌گه‌ر فریای گرێ سپی نه‌كه‌ون ئه‌وا داگیرده‌كرێت و ده‌كه‌وێت، چونكه‌ شه‌ڕڤانان شه‌هیدێكی زۆریان داوه‌ و بۆردوومانی خه‌ستی فڕۆكه‌یش هه‌یه‌ بۆ سه‌ر شه‌ڕڤانان، بۆیه‌ بڕیارده‌ده‌ن به‌ خۆپیشاندان بڕۆنه‌ ناو گرێ سپی و رێ له‌ داگیركاریی بگرن، به‌ڵام كاروانه‌كه‌ له‌ رێگادا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج و دایكه‌ عه‌قیده‌ شه‌هیدبوو".

ئه‌و چالاكوانه‌ وتیشی:"دایكه‌ عه‌قیده‌ هه‌موو جارێك ده‌یوت: من هه‌رگیز شوێنی له‌دایكبوونم و باخچه‌كه‌م و ماڵه‌كه‌م كه‌ ساڵانێكه‌ بنیاتمناوه‌ له‌ سه‌رێكانی جێناهێڵم و ده‌بێت دواكه‌س بم كه‌ ده‌ڕۆم یان ده‌بێت لێره‌ بمرم".
پ: ل. م




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure