یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان دوای رێككه‌وتنی هه‌سه‌ده‌ و رژێمى سوریا

هەواڵ / جیهان :: 14/10/2019‌ :: 9843‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا رایگه‌یاند: هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى رژێمى سوریا نیه‌، ده‌شڵێت: "دواى جێگیربوونى هێزه‌كانى رژێمى سوریا له‌ كۆبانێ هیچ كێشه‌یه‌ك روونادات".

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 13ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و سوپای سوریا بۆ  رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌شكركێشى توركیا له‌ رۆژئاوای كوردستان رێككه‌وتنیان واژووكرد، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌كه‌م، سه‌رۆك كۆماری توركیا یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ربڕی.

ره‌جه‌به‌ ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ هاتنی هێزه‌كانی رژێم نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنوره‌كانیش جێگیر ببن".

وتیشی: " له‌ ئێستادا ئێمه‌ و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌مانین بۆ رزگاركردنی منبج و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خاوه‌ن سه‌ره‌كییه‌كانی و دانیشتووانی ئه‌و شاره‌".

سه‌رۆك كۆمارى توركیا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "من پێموایه‌ دوای جێگیربوونی سوپای سوریا  له‌ سنووره‌كان هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ كۆبانی روونادات".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure