وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا بانگهێشتى باڵیۆزى توركیا له‌ وڵاته‌كه‌ى دەکات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4147‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا بانگهێشتى باڵیۆزى توركیا له‌ وڵاته‌كه‌ى كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵى به‌هۆى له‌شكركێشییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، یه‌كێتى ئه‌وروپاش تاوتوێى سزدانى توركیا ده‌كات.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نى وەزیرانى هۆڵه‌ندا به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى له‌شكركێشیه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان كۆبووه‌وه‌، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌و له‌شكركێشیه‌یان به‌ "پاكتاوى نه‌ژادى، نایاسایی و قبوڵنه‌كراو" وه‌سفكرد، داوایان كرد یه‌كێتى ئه‌وروپا وه‌ك بابه‌تێكى له‌ناکاو مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات و سزاى توركیا بدات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ستیف بلۆك، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ بانگهێشتنى باڵیۆزى توركیاى له‌ وڵاته‌كه‌ى كرد به‌ مه‌به‌ستى لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵى و رایگه‌یاند: "له‌شكركێشى یارمه‌تى هیچ كه‌س نادات، ده‌بێته‌هۆى خولقاندنى قه‌یرانى مرۆیی، ئه‌گه‌رى زۆرە ببێته‌ هۆكارى دروستبوونى دۆخێكى له‌ناكاو كه‌ زیان به‌ شه‌ڕ دژى داعش بگه‌یه‌نێت و نائارامى له‌ ناوچه‌كه‌دا دروستبكات".

هاوکات سیگرید كه‌ى كاگ، وه‌زیرى بازرگانى ئه‌و وڵاته‌ دەڵێت: "یه‌كێك له‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى له‌شكركێشییه‌كه‌ى توركیا بریتیه‌ له‌ هەڵاتنی سه‌ركرده‌ و چه‌كدارانى داعش كه‌ له‌ زیندانەکانی رۆژئاواى كوردستان دان".

له‌باره‌ى تاوتوێكردنى سزادانى توركیاش له‌لایه‌ن یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ ئیمیلى ئیمۆندتالین، وه‌زیرى فڕه‌نسا بۆ كاروبارى یه‌كێتى ئه‌وروپا ئاشكرایده‌كات: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى یه‌كێتى ئه‌وروپادا باس له‌ له‌شكركێشیه‌كانى توركیا ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان".

ئا: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure