" هیوا " بەهیوای گەیشتن بە ژیانێکی خۆش سەری نایەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/10/2019‌ :: 7247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی محەمەد مستەفا

خەونی ئەوەبوو لە کوردستان کارێکی باشی دەست بکەوێت یا خود بگات بە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا پارەیەکی باش پەیدا بکات و خەرجی خانەوادە هەژارەکەیان دابین بکات، بەڵام بەهۆی بێکاری و گوزەرانی خراپی ژیانی دواجار "هیوا" هەموو هیواکانی لەگۆڕنا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا .


ئێوارەی رۆژی پێنجەممە 10 ی تشرینی یەکەمی 2019 ، لە گەڕەکی راپەڕینی قەزای پشدەر گەنجێک بەناوی "هیوا قادر" کە تەمەنی 29 ساڵ بوو لە ماڵەکەی خۆیاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و رۆژی دواتریش واتا رۆژی هەینی رابوردوو بەهۆی زۆریی رێژەی سوتاوییەکەی "هیوا" لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا .


" بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە دەیەوێت بگات بە وڵاتانی ئەوروپا و وەک زۆرینەی خەڵک خۆی و خێزانەکەی گوزەرانێکی خۆشیان هەبێت "


(ئازاد) کە کەسێکی نزیکی "هیوا"یە و لە باسی چۆنیەتی ژیانی ئەو بۆ دواڕۆژ وتی: "خێزانی هیوا پێکهاتوون لە 5 کەس، خێزانێکی دەست کورت و هەژارن، هیوا بەر لە چەند ساڵێک پێشمەرگەبوو، بەڵام دواتر بە هۆکارێکی تایبەت وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، پاشان ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ بوو هیچ کارێکی ئەوتۆی نەبوو، تەنها کارێک کە لەگەڵ باوکی دەیکرد ئەوە بوو کە لە دوکانێکی بچوکدا لە دەبەی بچوکدا بەنزینیان دەفڕۆشت بە شوفێری ماتۆڕسکیلەکان، بەڵام پیشەکەیان هیچ داهاتێکی ئەوتۆی نەبوو."

(ئازاد) باسی لەوەشکرد: هیوا بەردەوام هەوڵی دەدا کارێکی گونجاو بدۆزێتەوە کە داهاتێکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی هەم خۆی و هەم خێزانەکەشی بتوانن لە گوزەرانێکی باشدا بژین، بەڵام بە داخەوە بەهۆی ئەو بێکارییەی رووی لە سنورەکە کردووە، هیچ کارێکی ئەوتۆی دەست نەکەوت، پاشان دوو جار هەوڵیدا کۆچ بکات بۆ یەکێک له وڵاتە ئەوروپییەکان، بەڵام هەردوو جارەکە لەسنوری تورکیا گیرا و دیپۆرت دەکرایەوە .


"(هیوا) نزیکەی 65 %ی جەستەی سوتابوو"

عوسمان ئەحمەد بەڕێوبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بە دواڕۆژی راگەیاند "ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابوردوو (هیوا قادر) بە سوتاوی گەیەنرایه نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە بە بەنزین خۆی سوتاندبوو بەو هۆیەشەوە نزیکەی65 % ی جەستەی سوتابوو، پاشان بەهۆی زۆریی رێژەی سوتانەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی سلێمانی کرا، بەڵام بۆ بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەهۆی زۆریی رێژەی سوتانەکەی گیانی لە دەستدابوو .

"لەسەر دۆسیەکە هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە "

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند "لەسەر دۆسیەی خۆ سوتاندنی (هیوا) هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، چونکە رووداوەکە تاوانکاری نییە، بەڵکو بەگوێرەی هەموو ئەنجام و پشکنینەکانی پۆلیس و پزیشکی دادی ئەو کەسە خۆی سوتاندووە هیچ کەسێکی تر دەستی لەو رووداوەدا نییە، بەڵام لە پۆلیسی راپەڕین دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردۆتەوە .


تێبینی ..

ئازاد ناوی خوازراوی خزمی قوربانییەكەیە كە نەیویست ناوی خۆی و نزیكیی خزمایەتییەکەی لە راپۆرتەکە بنوسرێ، بەڵکو ناوی خوازراوی بۆ دابنرێت.

وێنەی هیوا 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure