له‌باره‌ی هه‌ڵپساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان وه‌ڵامی حه‌لبوسی ده‌درێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 105‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

دوای ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران، پرسی هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ره‌وانەی لیژنه‌ی یاسایی و هه‌رێمه‌كان كرد، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی ده‌ڵێت: "وه‌ڵامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ده‌ستوردا هاتووه‌ و ناكرێت هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌".


ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌كو لیژنه‌ی یاسایی وه‌ڵامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناكرێت بڕیار له‌باره‌ی هه‌ڵپەساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌ بدرێت به‌و پێیه‌ی به‌یاسا رێكخراون و له‌ده‌ستوریشدا سه‌پێندراوه‌.

وتیشی: "به‌پێی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ده‌توانرێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ له‌چه‌ند حاڵه‌تێكدا كه‌ كه‌مته‌رخه‌می یاخود ئیستیغلال رووبدات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر كاری خۆی و دانیشتنه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌ بۆ به‌ئامانجكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێك ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌خوازن و كاری بۆ ده‌كه‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی ئاشكراشی كرد: كه‌ وه‌كو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌هۆی رێژه‌كه‌یان ناتوانن رێگری له‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بڕیاره‌ بگرن یاخود رێژه‌ی یاسایی بشكێنن، بۆیه‌ رێككه‌وتنیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی شیعه‌ و سونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ رێگری له‌ هه‌ڵپساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌ستوریش رێگری له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.

ئه‌ڵماس فازڵ راشیگه‌یاند: له‌ئه‌گه‌ر هه‌ڵپەساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش ئه‌وه‌ په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر دادگای ئیتیحادی و تانه‌ی لێده‌ده‌ین.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure