ئایا مرۆڤ ده‌توانێت جگە لە لوت بە بەشی دیکەی جەستەی بۆن بکات؟

هەواڵ / زانست :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 508‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

یه‌كێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ڵێت: "مرۆڤ ده‌توانێت نزیكه‌ى یه‌ك ملیار بۆنى جۆراوجۆر جیابكاته‌وه‌". ئه‌مه‌ به‌لاى هه‌موومانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر زۆره‌ و ره‌نگه‌ هه‌ندێكمان بڕوا نه‌كه‌ین. به‌ڵام لوتى مرۆڤ میكانیزمى ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره‌ى هه‌یه‌.

وه‌رگره‌كانى بۆن كه‌ له‌ناو لوتدان هه‌ریه‌كه‌یان چاوه‌ڕێ دەكات تا ئه‌وكاته‌ى به‌ بۆنێك چالاك ده‌كرێت. ئێمه‌ى مرۆڤ وه‌كو هه‌موو بڕبڕه‌داره‌كانى تر خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌و جۆره‌ وه‌رگرانه‌ین. له‌ڕاستیدا به‌شێكى زۆرى ترشى ناوكى جه‌سته‌ى ئێمه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ جینى تایبه‌ت به‌ وه‌رگره‌ جۆراوجۆره‌كانى بۆن زیاتر له‌ هه‌ر جۆره‌ پڕۆتینێكى تر.

پێش ساڵى 1991 هه‌موومان وامان ده‌زانى وه‌رگره‌كانى بۆن ته‌نیا له‌ناو لوتدان، به‌ڵام ئێستا زانست سه‌لماندویه‌تى وه‌رگره‌كانى بۆن له‌ هه‌موو جه‌سته‌دا هه‌ن ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌شدا كه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێن، بۆ نموونه‌ ماسولكه‌ و گورچیله‌ و بۆرییه‌كانى خوێن و سى.

ئه‌مه‌ بۆچى وایه‌؟
وه‌رگره‌كانى بۆن له‌ناو لوتدا وامان لێده‌كات هه‌ستى بۆنكردنمان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌ى له‌ جگه‌ردا بۆچى هه‌یه‌؟ بێگومان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چوویته‌ چایخانه‌وه‌ جگه‌رت بۆنى چایه‌كه‌ت بكات به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك كه‌ چایه‌كه‌ت خوارده‌وه‌ جگه‌ر یه‌كێك له‌ وه‌رگره‌كانى بۆن به‌كارده‌هێنێت تا بزانێت چڕى یه‌كێك له‌ مادده‌ كیمیاوییه‌كان له‌ناو جه‌سته‌دا گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌.

به‌شێكى زۆرى خانه‌ و شانه‌كانى جه‌سته‌ وه‌رگره‌ كیمیاوییه‌كان به‌كارده‌هێنن تا بتوانن ئاگادارى بڕ و چڕى هۆڕمۆنه‌ جۆراوجۆره‌كان و گه‌ردیله‌كانى تر بن. ته‌نانه‌ت سپێرم ئه‌و وه‌رگره‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى هێلكه‌.

ئه‌مه‌ بۆمان ده‌رده‌خات وه‌رگره‌كانى بۆن له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێست هه‌ستپێكه‌رى كیماویى بن. بۆ وه‌رگره‌كان له‌ هه‌ر شوێنه‌ و ئه‌ركێكى تایبه‌ت ئه‌نجام ئه‌دات، بۆ نموونه‌ له‌ سییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ست به‌ مادده‌ كیمیاوییه‌ هه‌ڵمژراوه‌كان بكات و كاردانه‌وه‌ بنوێنێت. به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌رگره‌كانى تامكردن كه‌ جاران وامان ده‌زانى ته‌نیا له‌ زماندا هه‌ن ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانى جه‌سته‌دا هه‌ن. ره‌نگه‌ باوه‌ڕ نه‌كه‌یت ئه‌گه‌ر بشڵێین وه‌رگره‌كانى تیشك كه‌ له‌ چاودا هه‌ن له‌ بۆرییه‌كانى خوێنیشدا هه‌ن. بۆ نموونه‌ با ئه‌ندامێكى گرنگى وه‌كو گورچیله‌ وه‌ربگرین كه‌ رۆڵێكى ته‌وه‌ریى هه‌یه‌ له‌ هاوسه‌نگ كردنى پێكهاته‌ زیندووه‌كاندا.

یه‌كێك له‌ وه‌رگره‌كانى بۆنى ناو گورچیله‌ پێى ده‌وترێت وه‌رگرى بۆنى ژماره‌ 78. ئه‌م جۆره‌ وه‌رگره‌ له‌و شوێنه‌ گرنگانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ گوشارى خوێن رێكده‌خه‌ن. كاتێك كه‌ ئه‌م وه‌رگره‌ لاده‌برێت گوشارى خوێنى زینده‌وه‌ره‌كه‌ داده‌به‌زێت. له‌وه‌ش سه‌یتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگره‌ له‌ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و چه‌ورییه‌ ترشانه‌دایه‌ كه‌ به‌كتریاكانى ناو ریخۆڵه‌ به‌رهه‌مى ده‌هێنن. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ هه‌ر گۆڕانێك له‌ چالاكى به‌كتریاكانى ناو ریخۆڵه‌ رووبدات كارده‌كاته‌ سه‌ر گوشارى خوێنت.

سه‌ربارى ئه‌م هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ زانیارییانه‌ پرۆسه‌كه‌ هێشتا له‌سه‌ره‌تادایه‌ و زۆر زانیارى تر ماوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ وه‌رگرانه‌ى بۆن و تام له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانى جه‌سته‌دا. به‌ڕاستى ئه‌مه‌ شۆڕشێكه‌ به‌سه‌ر زانیارییه‌كانماندا كه‌ تائێستا هه‌مانبووه‌ له‌سه‌ر هه‌سته‌وه‌ره‌كانمان و تێڕوانینمان ده‌گۆڕێت ده‌رباره‌ى ئه‌رك و چالاكییه‌كانى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure