كورد لەكه‌ركوك زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/10/2019‌ :: 209‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێت: "كوردی كه‌ركوك زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقن"، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌ی له ‌ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی شاره‌كه‌ و راكان جبورى-یش ده‌ستكراوه‌ ده‌بێت.


ئاوات محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك (ئەمڕۆ یەکشەممە 13ى تشرینى یەکەمى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ده‌ستور، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی چاودێریی هه‌یه‌ به‌سه‌ر كاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا، بۆیه‌ بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان حكومه‌ت ده‌خاته‌ ‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كه‌ پێویسته‌ میكانیزمێك بدۆزێته‌وه‌ بۆ جێگره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵی چاودێر ببینێت.

وتیشى: "تائێستا نازانرێت له‌دوای هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، رۆڵی چاودێری له‌ پارێزگاكان ده‌درێت به‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی یان دیوانی چاودێری دارایی، یاخود پارێزگاره‌كان به‌بێ چاودێری كاره‌كانیان پێ ده‌سپێردرێت".

ئاوات محه‌مه‌د ئەوەشى خستەڕوو: "له‌ كه‌ركوك گه‌نده‌ڵی و ته‌عریب و سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، بۆیه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و نه‌بوونی رۆڵی چاودێریی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ رێگە خۆشده‌كات له‌به‌رده‌م راكان جبوری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاره‌زووی خۆی كار به‌ بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی كاروباری باكووری رژێمی به‌عس بكاته‌وه ‌و ناوچه‌كه‌ ته‌عریب بكرێته‌وه‌ و گرێبه‌ستی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كوردیش هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه"‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیستی برایه‌تی، بڕیاره‌كه‌ به‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كوردی كه‌ركوك ناوده‌بات و ده‌ڵێت: "هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و نه‌بوونی لیستی برایه‌تی واتا غیابی كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ته‌شریعی و ریقابی شاره‌كه،‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات راكان جبوری ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ده‌ستی كراوه‌بێت".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure