لەكەركوك 68%ی هاووڵاتیان كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدانیان ده‌رهێناوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/10/2019‌ :: 212‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌پارێزگای كه‌ركوك ته‌نیا دوو رۆژ ماوه‌ بۆ ده‌رهێنانی كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنیش رێژه‌ی به‌شداری هاووڵاتیان گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا 68.


عه‌بدولباست ده‌روێش، به‌رپرسی راگه‌یاندنی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ی تشرینی یه‌كه‌م به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: "به‌پێی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كۆمسیۆنی باڵا دیاریكردووه‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی دێت به‌پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری، تاوه‌كو ئێستاش له‌كه‌ركوك نزیكه‌ی 700 هه‌زار هاووڵاتی به‌شدارییان كردووه‌ و كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدانیان ده‌رهێناوه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 68%.

وتیشی: "به‌پێی پێوه‌ره‌كانی كۆمسیۆن له‌كه‌ركوك رێژه‌یه‌كی باش به‌شداری له‌ده‌رهێنانی كارتی بایۆمه‌تریدا كردووه ‌و پارێزگاكه‌ش له‌ڕیزی ئه‌و پارێزگایانه‌ی عێراق دێت كه‌ زۆرترین كه‌س تیایدا كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدانیان ده‌رهێناوه"‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی پرۆسه‌كه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆنی كه‌ركوك رایگه‌یاند: "درێژكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی باڵادایه‌ و تاوه‌كو ئێستاش هیچ بڕیارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌دراوه"‌.

كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌كارتی كۆنی ده‌نگدان كه‌ به‌ (كارتی مه‌ودا كورت) ناو ده‌برێت جیاوازتره‌ به‌و پێیه‌ی په‌نجه‌مۆر و وێنه‌ی ده‌نگده‌ر له‌خۆده‌گرێت، هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش تۆماره‌كه‌ نوێنه‌كاته‌وه‌ و كارته‌كه‌ ده‌رنه‌هێنێت ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ مافی ده‌نگدانی بفه‌وتێت.

بڕیاره‌ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامبدرێت كه‌ ماوه‌ی 14 ساڵه‌ كه‌ركوك له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دایه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure