دوای ئەوەی دایكیان باوكیانی كوشت، ژیانیان بۆتە مەرگەسات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/10/2019‌ :: 1386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد 

سەمیر و وەنەوشە و کامیل و ڕەوەند بوونە قوربانی کێشەی نێوان دایک و باوکیان، لەپاش کوشتنی باوکیان ئیدی خۆری هیوا و ئومێدیان لەژیاندا بەرەو ئاوابوون ڕۆیشت، چونکە کەوتنە ژیانێکی پڕ لەزەحمەت و ناڕەحەتیەوە، ئێستا لەناحیەی پردێ لەخانویەکدا ژیان دەگوزەرێنن، بەڵام هیچ کەسێک نییە ببێتە سێبەری ژیانێکی ئاسودە بۆیان و نازیان هەڵبگرێت.



ڕەوەندی تەمەن 8 ساڵ کە بچوکترین ئەندامی خێزانە لەتکراوەکەیە بۆ دواڕۆژ دەدوێت و دەڵێت: "ئەمساڵ یەکەم قۆناغی نوێی خوێندن دەستپێدەکەم ،حەزم دەکرد وەکو هاوڕێکانم دایک و باوکم لەگەڵ بوایە و بمیان بردایە بۆ خوێننگە، بەڵام دایکم لەزیندانە و باوکم لەژیاندا نەماوە".

وەنەوشەی تەمەن 11ساڵیش  ئێستا ڕۆڵی  دایک و باوک دەبینێت و لەتەمەنێکی کەمەوە حەسرەت و سەختی ژیان بەرۆکی گرتووە و داوا لەخێر خوازان دەکات هاوکاییان بکەن.  

بەوتەی سەمیر یونس کە برا گەورەیانە و ئێستا لە کارگەیەکی نزیک کەرکوک کاردەکات، باوک و دایکیان بەبەردەوام کێشە لەنێوانیاندا هەبووە و باوکیان لەگەڵیان باش نەبووە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بەهۆی دووریی ڕێگاکەیەوە هەفتەی جارێک دەگەڕێتەوە بۆ لایان. 

دواڕۆژ بۆ بەدواداچونی ئەم بابەتە پەیوەندی بەچەند لایەنێکی پەیوەندیدارەوە دەکات.

ئەحمەد مودەریس بەڕێوەبەری وەقفی سونی کەرکوک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لەڕێگەی سندوقی هۆبەی خێزخوای هاوکاری تەواو پێشکەش بەو منداڵە بێ سەرپەرشتیارانە دەکەین و مامۆستایانی ئاینی و وتار خوێنانی کەرکوک و بەتایبەت ناحیەی پردێ ئاگادار دەکەینەوە کۆمەکیان بۆ کۆبکەنەوە، نابراو بەڵێنیش دەدات براگەورەکەیان دابمەزرێنێت". 

پێشتر ئەم منداڵە بێ سەرپەرشتیارانە لەگەڵ دایک و باوکیان لەشاری هەولێر ژیاون، بەڵام چەند ساڵێک پێش ئێستا هاتونەتە ناحیەی پردێ.

عەبدول موتەڵیب نەجمەدین بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "هەر لەسەرەتاوە دۆخی ژیانیان خراپ بووە، کەهاتنە ناحیەی پردێ توانیمان ناسنامەیان بۆ دەربکەین، بەڵام بەداخەوە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا باوکی ئەم منداڵە دەکوژرێت و تەرمەکەی نزیک گوندی نەبیاوە فڕێ دەدرێت و دوای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان هاوسەر و کوڕ و کچێکی یونس عەبدوڵا کە باوکی ئەم منداڵە بێ سەرپەرشتیارانەیە، تۆمەت بارکران بەکوشتنی". 

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئەم بابەتە یەکەم کەیس و کۆتا کەیس نییە و پەیوەندیمان بەژمارەیەک کەسایەتی و ڕێکخراوێک کردووە تاوەکو هاوکاری بکرێن و داواشمان کردووە کە خانویەکیان بۆ بکڕدرێت و شوێنی نیشتەجێ بونیان بۆ دابینبکرێت". 

وتیشی: "چاوەڕوانی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدارین تاوەکو بتوانین موچەیان بۆ ببڕینەوە". 

لەئێستادا ڕەوەندی تەمەن 8 ساڵ و کامیلی تەمەن 14ساڵ و وەنەوشەی تەمەن 11ساڵ بوونەتە قوربانی کێشەی کۆمەڵایەتی و لەخانویەکدا ژیان بەسەر دەبەن، کرێچین و ژەمە خواردنی ڕۆژانەیان لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ دابیندەکرێت .

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، دایکی ئەم منداڵانە کە بەڕەگەز عەرەبە، لەگەڵ کوڕ و کچێکی دیکەی تۆمەتبارن بەکوشتنی یونس عەبدوڵا و لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک زیندانی کراوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure