فراکسیۆنە کوردییەکان ناڕازین

هەواڵ / کوردستان :: 12/10/2019‌ :: 304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرای ده‌كات: هەفتەی داهاتوو لیژنە پێکدەهێنرێت بۆ نووسینەوەی پرۆژەیاسایەک لەبارەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە و فراکسیۆنە کوردییەکانیش دژی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن و شەڕی ئەوە دەکەن لەیاساکەدا دۆخێکی تایبەت بدرێتە شارەکە.


مەریوان نادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەدواڕۆژی راگەیاند: هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بەئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە هەفتەی رابوردوو لەلایەن پەرلەمانەوە کاری ئەنجومەنەکان سڕکران تاکو یاسایەک لەوبارەیەوە دەردەکرێت.

وتیشی: "وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان شەڕی ئەوە دەکەین دۆخێکی تایبەت بدەین بەکەرکوک و رێگربین لەهەڵوەشاندنەوە یاخود سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك".

ئەوەشی خستەڕوو: کە کەرکوک جیاوازە لەپارێزگاکانی باشووری عێراق، چونکە ئەوان بەهۆی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە پرۆژەکان دواخراون و گەندەڵی دەکرێت، بەڵام لەکەرکوک بەپێچەوانەوە بەهۆی نەبوون و پشتگوێخستنی ئەنجومەنی پارێزگاوە وەکو چاودێر گەندەڵی و سیستی لەپڕۆژەکاندا دەکرێت.

لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی داوای خۆپیشاندەراندا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پرسی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی خستە دەنگدانەوە و ده‌نگی له‌سه‌ردرا، تاکو یاسایەکی تایبەت لەوبارەیەوە دادەرێژن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure