لە کۆنگرێسی ئەمریکا كار بۆ سزادانی تورکیا ده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 11/10/2019‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌هۆی هێرشه‌كانی توركيا بۆ سه‌ر باكوری سوریا، چه‌ند ئه‌ندامێكی كۆمارییه‌كان له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا پرۆژه‌یاسایه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ سزادانی توركیا.


29 ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان ئاماده‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ پێشتریش چه‌ند ئه‌ندامێكی كۆماری و دیموكراته‌كان پێكه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ سزادانی توركیا ئاماده‌كردووه‌.

لیز چینی، ئەندامی کۆمارییەکان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ "پێویستە رەجەب تەیب ئەردۆغان و رژێمەکەی به‌رپرسیارێتی دەرئەنجام و خراپه‌كارییه‌كانیان هه‌ڵگرن، بەهۆی هێرشە بێبەزەییه‌كانیان بۆ سەر هاوپەیمانەكانمان".

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش كه‌ ناوی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، پێشتر رایگه‌یاندبوو "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا هه‌ر جوڵه‌یه‌كی نامرۆیی و نه‌گونجاو دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌نجام بدات".

ئه‌م هێرشه‌ی توركیا، سێیه‌م هێرشه‌ كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا له‌ 2016 چه‌ند شارێكی سنورییان داگیركرد، دووه‌م له‌ 2018 كانتۆنی عه‌فرین و ده‌وروبه‌ریان له‌ باكوری سوریا داگیركرد.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure