لەهەولێرەوە داوایەک ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان کرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 178‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

بۆ ئیدانەكردنی هێرش و پەلاماری توركیا بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان و داواكردنی رێگەگرتن لەو هێرش و كۆمەڵكوژییانەی توركیا ئەنجامی دەدات، گردبوونەوەیەكی فراوان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 10ی تشرینی یەکەمی 2019 ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چالاكان و سەرجەم چین و توێژەكانی شاری هەولێر بەشدارییان لە گردبوونەوەكە كرد، بە بەرزكردنەوە و وتنی چەندین دروشم ئیدانەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خۆرئاوای كوردستانیان كرد و داوایان كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لە هێرش و پەلامار و كۆمەڵكوی توركیا لە خۆرئاوای كوردستان بگرن.

لە گردبوونەوەكەدا یاداشتێكیان ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد كە تیایدا هاتووە:  پەلامار و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ سەر گەلی رۆژئاوا بە كورد و سریان و عەرەب و ئەرمەنی بە هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكانی قاعیدە و داعش، دوابەدوای بڕیاری كۆشكی سپی ئەمریكا و كشانەوەی هێزەكانیان لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەستیپێكردووە و بە ئاشكرا بانگەشەی كۆمەڵكوژی و گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەكە دەكەن.

لە یاداشتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە: بۆ بەرگرتن بەم تاوانە نێودەوڵەتییانە و مەترسی ئەنجامدانی هەموو تاوانە نێودەوڵەتییەكانی وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی داگیرکاری لە ئارادایە و دەستپێكی تاوانەكەش بە فڕۆكە بۆردومان  و تۆپبارانی ناوچە مەدەنییەكان دەستیپێكردووە.

داواشیان لە نەتەوە یەكگرتوەكان كردووە هێزی خۆی بەكار بهێنێت بۆ بەرگرتن بەم تاوانە و راگرتنی هێرشەكان و داگیركاری و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل لە كاتی جەنگدا،  داواشیان كردوە رێگە بدرێت هاووڵاتیانی ناوچەكان ئارەزومەندانە شێوازی حوكمڕانی خۆیان دیاری بكەن كە تیایدا مافی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەكانیان بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسای جیهانی مافی مرۆڤ پارێزراو بێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure