باسى ئه‌مڕۆ... بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتوو بیت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 90‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئاماده‌كردنى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

ئایا هه‌ست ده‌كه‌یت به‌رده‌وام سه‌رقاڵیت و ناچاریت له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌مدا كارى گرنگ و زۆر ئه‌نجام بده‌یت؟ ئایا پێش ئه‌وه‌ى ئه‌ركێكى سه‌رشانت ته‌واو بكه‌یت ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى تازه‌ به‌رۆكت ده‌گرن؟ ئایا هه‌ستى ئه‌وه‌ت لا دروست ده‌بێت كه‌ نه‌توانیت هه‌موو ئه‌ركه‌كانت جێبه‌جێ بكه‌یت و له‌ هه‌ندێك به‌رپرسیارێتى و ئیشوكاردا دواده‌كه‌ویت؟

گوێ مه‌ده‌رێ. ته‌نیا نیت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا. زوربه‌ى مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌. خۆشبه‌ختانه‌ چه‌ند ستراتیژێك هه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ركى زیاتر له‌ كاتى كه‌متردا ئه‌نجام بده‌یت. سه‌ره‌تاى هه‌موو به‌یانییه‌ك زوربه‌مان رووبه‌ڕووى لیستێكى درێژ له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى ده‌بینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌و رۆژه‌دا ته‌واوى بكه‌ین. هه‌میشه‌ش یه‌كێك له‌و ئه‌ركانه‌ یان زیاتر به‌لامانه‌وه‌ زۆر ناخۆش و سه‌خته‌. خاوخلیچكى ده‌كه‌ین له‌ ده‌ستپێكردنیدا. چونكه‌ بابه‌تێكه‌ حه‌زت لێى نییه‌ و ده‌ته‌وێت له‌ده‌ستى هه‌ڵبێیت كه‌ ره‌نگه‌ گرنگترین ئه‌ركیش بێت به‌لاته‌وه‌.

زۆرجار ئه‌ركه‌ ناخۆشه‌كان كه‌ به‌دڵمان نین گرنگترین ئه‌ركى ئه‌جێنداى كاره‌كانمانن و گه‌وره‌ترین كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیان و پیشه‌كانمان. به‌ڵام چونكه‌ حه‌زمان لێیان نییه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر بیخه‌ینه‌ لاوه‌ و دوای بخه‌ین و خۆمان به‌ مه‌سه‌له‌ى كه‌م بایه‌ختره‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ین. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ شێوازه‌كانى دواخستنى شاردراوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌ رواڵه‌ت له‌ دواخستنى ئاشكرا باشتر بێت به‌ڵام له‌ كۆتاییدا رێگره‌ له‌ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانمان. 

كاتێكیش كه‌ كاره‌ كه‌م بایه‌خه‌كان یه‌ك له‌دواى یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ین ئیتر هیچ هێز و توانایه‌كمان نامێنێت بچین به‌ سۆراخى ئه‌ركه‌ سه‌خت و ناخۆشه‌كه‌وە.

كێشه‌ى ئه‌ركه‌ ئاسان و خۆشه‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر گرنگیش نه‌بن هه‌ستێكى درۆت پێ ده‌به‌خشێت كه‌ تۆ كه‌سێكى به‌ به‌رهه‌م و چالاكیت. ئه‌مه‌ش دوورت ده‌خاته‌وه‌ له‌ به‌دیهێنانى ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانتدا. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كاره‌ ئاسانانه‌ كه‌ به‌لاته‌وه‌ خۆش و خوازراون كات و وزه‌یه‌كى زۆرت لێ ده‌به‌ن بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ى بگه‌یته‌ ئه‌ركه‌ ناخۆش و نه‌خوازراوه‌كه‌ له‌ په‌لوپۆ ده‌كه‌ویت، ئینجا ناچار ده‌بیت دوای بخه‌یت.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌فتار بكه‌یت، واته‌ سه‌ره‌تا به‌ كاره‌ هه‌ره‌ زه‌حمه‌ت و نه‌خوازراوه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌یت و پێش ئه‌ركه‌كانى دیكه‌ ته‌واوى بكه‌یت هه‌ست به‌ حه‌سانه‌وه‌یه‌كى ده‌روونى گه‌وره‌ ده‌كه‌یت و خۆت به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانیت. ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكى باشه‌ كه‌ ئه‌ركه‌ ئاسانه‌كانى تر ته‌واو بكه‌یت.

به‌كورتییه‌كه‌ى ده‌توانیت یه‌ك دوو كاتژمێرى سه‌ره‌تاى رۆژه‌كه‌ت ته‌رخان بكه‌یت بۆ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ ناخۆش و سه‌خته‌كان. ئه‌مه‌ وات لێده‌كات به‌ ئاسانى درێژه‌ به‌ كاركردن بده‌یت. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ بڕیارێكى سه‌خت بێت چونكه‌ مرۆڤ به‌ سروشتى خۆى حه‌زى له‌ ئیسراحه‌ته‌ و پێى باشه‌ خۆى دووربخاته‌وه‌ له‌ ئازار و ماندویه‌تى. بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویسته‌ ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كه‌ به‌ش به‌ش بكرێت بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌كى بچوك و هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌جیا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. به‌ ئاسانترین پارچه‌یان ده‌ستپێبكه‌ و هه‌تا ته‌واوى نه‌كه‌یت بیر له‌ هیچى دیكه‌ مه‌كه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌كرا ئه‌ركه‌كه‌ دابه‌ش بكه‌یت بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌كى بچوكتر ده‌توانیت ماوه‌ى كاركردنه‌كه‌ت دابه‌ش بكه‌یت، بۆ نموونه‌ 15 خوله‌ك كارى له‌سه‌ر بكه‌یت و ئینجا چه‌ند خوله‌كێك بحه‌سێره‌وه‌ و پاشان 15 خوله‌كى تر كارى له‌سه‌ربكه‌ و به‌مشێوه‌یه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر دوو ئه‌ركى ناخۆش و نه‌خوازراو و سه‌ختت رووبه‌ڕوو كرانه‌وه‌ پێویسته‌ به‌و ئه‌ركه‌یان ده‌ست پێبكه‌یت كه‌ زۆرتر رقت لێیه‌تى. به‌م رێكاره‌ هه‌ندێك جار بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى تۆ به‌ سه‌خت و گه‌وره‌ت ده‌زانى له‌ڕاستیدا به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌.

پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌ركه‌كانمان ریزبه‌ند بكه‌ین. بزانین كامیان له‌ هه‌ر هه‌موویان گرنگتره‌ و قابیلى دواخستن نییه‌ به‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین.

په‌یڕه‌وكردنى ئه‌م شێوازى كاركردنه‌ واده‌كات هه‌موو مرۆڤێكى ئاسایى زۆر سه‌ركه‌وتووتر بێت له‌و كه‌سه‌ بلیمه‌ته‌ى كه‌ هه‌ر قسه‌ ده‌كات و نه‌خشه‌ى دڵڕفێن داده‌نێت بێ ئه‌وه‌ى به‌ كرده‌وه‌ هیچ كارێك بكات. یه‌كه‌م كارى رۆژ كه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌یت زۆر گرنگه‌ و كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر تێكڕاى چالاكییه‌كانى ترت له‌و رۆژه‌دا.

باشتر وایه‌ ئه‌ركه‌كان بكرێن به‌ چوار به‌شه‌وه‌:

1- ئه‌ركه‌ گرنگ و په‌له‌كان
واته‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ نابێت دوابخرێن یان خاوه‌ خاویان تیادا بكرێت. پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ئه‌نجام بده‌ین، یان بیانسپێریت به‌ خه‌ڵكى دیكه‌. به‌ڵام نابێت هه‌موو ئه‌جێنداكه‌ت هه‌ر ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ بن.

2- ئه‌و ئه‌ركانه‌ى گرنگن به‌ڵام په‌له‌ نین
بریتین له‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ به‌هایه‌ك ده‌به‌خشن به‌ ژیانت. بۆ نموونه‌ دیاریكردنى ئامانجه‌كانت و دروستكردنى په‌یوه‌ندى و گه‌شه‌پێدانیان. پێویسته‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ له‌ ریزبه‌ندى كارى رۆژانه‌تدا بن.

3- ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ گرنگ نین به‌ڵام په‌له‌ن
به‌و ئه‌ركانه‌ ده‌وترێت كه‌ هه‌ستێكى خۆشحاڵى درۆیینه‌ت پێ ده‌به‌خشێت، بۆ نموونه‌ جێبه‌جێكردنى داواكارى خه‌ڵكانى دیكه‌. پێویسته‌ كاتى خۆت له‌م جۆره‌ ئه‌ركانه‌دا به‌فیڕۆ نه‌ده‌یت، چونكه‌ وزه‌ و توانا و كاتت له‌ناوده‌بات و هیچ به‌هایه‌كیشت پێ نابه‌خشن.

4- ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ نه‌ گرنگ و نه‌ په‌له‌ن
وه‌ك خۆسه‌رقاڵكردنى زۆر به‌ ته‌له‌فزیۆن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بابه‌تى دیكه‌وه‌. پێویسته‌ تا ده‌توانیت لێیان دوركه‌ویته‌وه‌ یان كه‌میان بكه‌یته‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure