سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى چاكسازى مووچه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: بۆ رازیكردنى لایه‌نه‌كان بۆ په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌، سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌.


ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى پرۆژه‌ى چاكسازى مووچه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ رازیكردنى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم، به‌منزیكانه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگ له‌نێوان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ یه‌كلایى نه‌بووەته‌وه‌ كه‌ شاندى حكومه‌ت سه‌ردانیان ده‌كات یاخود لایه‌نه‌كان بانگهێشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێن.

وتیشى: "ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى له‌ لایه‌نه‌كان كردووه‌ پشتگیرى له‌ پرۆژه‌یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دادپه‌روه‌رى له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌كان دێنێته‌ كایه‌وه‌".

رۆژى دووشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پرۆژەی چاكسازی و ئامادەكردنی بۆ دووباره‌ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆن له‌باره‌ی پرسی یاسای چاكسازی و خانه‌نشینی و ماف و ئیمتیازاته‌كان، كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاردرا دواى پێداچوونه‌وه‌، پرۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێردرێت بۆ په‌سه‌ندكردنى له‌ په‌رله‌مان.

له‌ 28ى شوباتى 2018، په‌رله‌مانى كوردستانى پرۆژه‌یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌و   ده‌رماڵه‌ و خانه‌شنینى په‌سه‌ند كرد، به‌ڵام بەهۆى ناڕه‌زایى هاووڵاتیان و په‌رله‌مانتاران بۆ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كان، په‌رله‌مان پرۆژه‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت گه‌ڕانده‌وه‌.

به‌پێى راپۆرتێكى پێشووى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم، به‌ په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌كه‌ مانگانه‌ بڕى 150 ملیۆن دۆلار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure