زانیاری لەبارەی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى له‌ ژنان و كچان ده‌كرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 711‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تانى هه‌ولێر، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستگیركرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ی له‌ كچان و ژنان ده‌كرد.

فه‌رمان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تانى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى تۆماركردنى سكاڵاى ئافره‌تێك بە ناوی (س. ع. س) له‌ هه‌ولێر، له‌سه‌ر پیاوێك به‌ناوى (ف. م. ٲ) كه‌ ئەکاونتێکی ساختەی بەناوی (نوشتە و جادوو) دروستكردبوو، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئافره‌تى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى ئەو كچ و ئافره‌تانه‌ی ده‌كرد كه‌ سه‌ردانی ئه‌كاوتنه‌كه‌یان كردووه‌.

وتیشى: "دواى سكاڵا، مەفرەزەیەک پێکهێنرا و توانرا تۆمەتبار لە بۆسەیەکدا دەستگیر بکرێت و دەستگیرا بەسەر هەندێک نوشتە و بەڵگەی تر کە لە کارەکەیدا بەکاری هێناوە".

فه‌رمان محه‌مه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد:  دوای وەرگرتنی وتەکانی تۆمەتبار، دانی بە تاوانەکەیدا نا کە ئەکاونتێکی ساختەی بەناوی (نوشتە و جادوو)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و خۆی بە شێخ ناساندووە، دواتر داوای وێنەی لەو ئافرەتانە کردووە کە پەیوەندییان پێوە کردووە، هەروەها دانی بەوەدا نا کە هەڕەشەی لە دادخواز کردووە و داوای پارەی لێکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی 45 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تانى هه‌ولێر، داوا له‌سه‌رجه‌م كچان و ژنان ده‌كات، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی "نەخوازراو" بە زووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (119) بە مەبەستی وەرگرتنی راوێژی (یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی).

له‌ماوه‌ى نۆ مانگى رابوردوودا، له‌ هه‌ولێر پێنج پیاو له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆى ئافره‌تان و كچان، ده‌ستگیركراون.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure