دامه‌زراندن لە هەرێم ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 40989‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى دارایى و حكومه‌تى هه‌رێم كار بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ران و ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌نجومه‌نى راژه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ناردنى بودجه‌ له‌ ساڵى نوێ، رێكبكه‌وێت.


كه‌مى میلاك له‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌ت و زۆرى له‌ هه‌ندێكى دیكه‌یان به‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى گرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى بودجه‌ى گشتى ساڵانه‌ و قه‌یرانى داراییه‌وه‌، ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ حكومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى بۆ ئه‌و كێشانه‌ بكات.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژ: حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌ ساڵى داهاتوودا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌مه‌ش چه‌ند رێكارێك ده‌گرێتەبه‌ر، له‌وانه‌: وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى راسپێردراوه‌ كار له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى 2020ى هه‌رێم بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بزانرێت ده‌توانرێت چه‌ند پله‌ى وه‌زیفى دابمه‌زرێندرێت؟ هه‌روه‌ها حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌نجومه‌نى راژه‌ كه‌ ماوه‌ى نۆ ساڵه‌ یاساكه‌ى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچووه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دروست نه‌بووه‌، داده‌مه‌زرێندرێت به‌مه‌ش كێشه‌ى كه‌مى میلاكى وه‌زاره‌ته‌كانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پله‌ى وه‌زیفى بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا له‌ رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى راژه‌ زیاده‌ى میلاك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ناهێڵێت.

به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى، له‌ هه‌رێمى كوردستان ملیۆنێك و 400 هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌ن كه‌ ملیۆنێك و 250 هه‌زاریان بایۆمه‌ترییان كردووه‌ و له‌و رێژه‌یه‌ 700 هه‌زاریان له‌ بواری مه‌ده‌نیدان، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى "دادپه‌روه‌رانه‌" به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش نه‌كراون، بۆیه‌ كێشه‌ى كه‌مى میلاك له‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌تدا هه‌یه‌.
 
ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لیژنه‌ى ئاماده‌كارى بودجه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى داهاتوودا، هه‌رێم بودجه‌ى گشى هه‌بێت.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ى 2020ى عێراق رێكبكه‌وێت كه‌ به‌غدا بودجه‌ى هه‌رێم مانگانه‌ بنێرێت، ئه‌وا له‌ ساڵى داهاتوودا ئه‌نجومه‌نى راژه‌ داده‌مه‌زرێندرێت و كێشه‌ى كه‌مى و زۆرى میلاك نامێنێت له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا.

یاساى ژماره‌ (7)ى ساڵى (2011)ی ئه‌نجومه‌نى گشتى راژه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق له‌ شه‌ش به‌ش و 13 ماده‌ پێكدێت، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌رێم ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دانه‌مه‌زراوه‌.

كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى راژه‌ له‌ هه‌رێم:
- دامه‌زراندن و به‌زركردنه‌وه‌ى راژەى گشتى له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا و لێهاتوویى فه‌رمانبه‌ران.

- ئاماده‌كردنى په‌یكه‌رى وه‌زیفى گشتى بۆ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌كانى هه‌رێم.

- ئاماده‌كردنى راپۆرتى ساڵانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى راژه‌وه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ى دامه‌زراندن.

- به‌جێگه‌یاندنى رووماڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ و ئامار و پێشكه‌شكردنى ئه‌و پێشنیارانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ به‌دیهێنانى هاوسه‌نگى له‌نێوان په‌یكه‌رى مووچه‌ و ئاستى گشتى بژێوییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر رۆشنایى خه‌رجى گوزه‌ران و نرخى كاڵا و خزمه‌ت و پێوه‌ره‌كانى ئابورى و دیاریكردنى ئاستى گوزه‌رانى تاك له‌ وه‌زیفه‌ى گشتیدا.

- ئه‌نجومه‌نى راژه‌ بۆى هه‌یه‌ شیانى ئه‌و كه‌سانه‌ تاقیبكاته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت دابمه‌زرێن یاخود دابمه‌زرێندرێنه‌وه‌. 

- بایه‌خدان به‌ دامه‌زراندنى كه‌سانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له‌ وه‌زیفه‌ى گشتیدا.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی راژه‌ دابمه‌زرێنێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ى میلاكات، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تى دارایى داواى له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌‌كان كردووه‌، ناوى فه‌رمانبه‌رانیان بۆ بنێرن تاوه‌كو بزانرێت له‌ چی شوێنێك میلاك زیاد یاخود كه‌مه‌، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا كه‌مى میلاك له‌ شوێنێك پڕبكرێته‌وه‌ ئه‌وا به‌پێى پێویست فه‌رمانبه‌رى بۆ داده‌مه‌زرێنرێت.

به‌پێى راپۆرتێكى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم، له‌ كێشه‌ى كه‌مى میلاك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى ته‌ندروستى و خوێندنى باڵا هه‌یه‌، هاوكات به‌هۆى خراپى شێوازى دابه‌شكردنى مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ كێشه‌ى كه‌مى میلاك له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دروستبووه‌.

به‌هۆى قه‌یرانى دارایى زیاتر له‌ چوار هه‌زار پزیشك و كارمه‌ند له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌ شێوازى جۆراوجۆر وازیان هێناوه‌.

سامان به‌رزنجى، وه‌زیرى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:  رۆژ لەدوای رۆژ بەشەكان و قەبارەی نەخۆشخانەكان زیاتر گەورەتر دەبن و نەخۆش زیاتر دەبێت، هاوكات رۆژ لە دوای رۆژیش كارمەندانی تەندروستی و پزیشكان لە نەخۆشخانەكان كەمدەبنەوە، بەهۆی خانەنشین بوون و دابڕان لە دەوام و كۆتاییهاتن بە راژەكانیان و ژمارەیەكیشیان مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووه‌ و هەندێكی دیكه‌یان چوونەتە دەرەوەی وڵات، له‌به‌رئه‌وه‌ ئەو ژمارەیەی ئێستا لە كارمەند و پزیشكان لە نەخۆشخانە حكومییەكان هەیە كەمە، بۆیە داوایان لە حكومەت كردووە، رێنمایی جێگرەوەكردن لەوانەی لە دەوام دادەبڕێن لە وەزیفەی گشتی جێبەجێ بكات.

وتیشى: "حكومەت ئێستا سەرقاڵی دامه‌زراندنى ئەنجومەنی راژەیه‌، ئەو ئەنجومەنە رێنمایی پێویست دەردەكات بۆ دامەزراندن بەپێی پێویست و بە گوێرەی ناونیشان و كۆمەڵێك رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیدا. ئێمە ئومێدمان وایە دوای دامەزراندن و دەستبەكاربوونی ئەم ئەنجومەنە بتوانین ئەو پێداویستییە سەرچاوە مرۆییانە بۆمان پڕبكەنەوە".

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، پێنج هه‌زار مامۆستاى به‌ گرێبه‌ست و شه‌ش هه‌زارى دیكه‌ى به‌ وانه‌بێژ دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام هێشتا كێشه‌ى دامه‌زراندنى هه‌یه‌، به‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ "به‌شێوازى دادپه‌روه‌رانه‌" مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كه‌، دابه‌شنه‌كراون.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم هه‌فته‌ى رابوردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌نجومه‌نى راژه‌، كێشه‌ى كه‌مى میلاك له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ڕى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵاى په‌رله‌مان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى سێ یه‌كه‌مه‌كانى ساڵى (2015-2016) دەربڕی، به‌ڵام هه‌ندێك رێكارى یاسایى ماوه‌ چاوه‌ڕوانى ده‌كرێت زوو یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

عه‌لى عوسمان، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابورى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم میلاكێكى زۆرى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ساڵانى رابوردوودا له‌سه‌ر بنه‌ماى حیزبى كراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێت سێكته‌ره‌کە رێكبخاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ میلاك له‌سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕى له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كان رێكبخاته‌وه‌ و دامه‌زراندنى پله‌ى وه‌زیفى له‌سه‌ر بنه‌ماى سیڤى و پسپۆڕى رابگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام راهێنان به‌ فه‌رمانبه‌ران بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ كه‌مترین تێچوو، زۆرترین داهاتى ده‌ستبكه‌وێت و كه‌متر بۆ هه‌ر كارێك پشت به‌ كه‌رتى تایبه‌ت ببه‌ستێت، بۆ نموونه‌ ئه‌و دوو گرێبەسته‌ى له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌م له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كراوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌رى ئاو و به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنى دادنووسه‌كان، پاره‌یه‌كى زۆرى تێچووه‌ كه‌ ده‌كرا حكومه‌ت له‌ رێگه‌ى فه‌رمانبه‌رانى خۆیه‌وه‌ كاره‌كه‌ى كردبایه‌ و به‌مه‌ش تێچووه‌كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانى خۆى ده‌بوو، پاره‌یه‌كى زۆریش بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕایه‌وه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure