هه‌موو حیزبه‌كانی كوردستان له‌ دژی توركيا ئەم کارە ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 10/10/2019‌ :: 12460‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

وەك هەڵوێست وەرگرتن لە دژی لەشكركێشی و پەلاماری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، 14 حیزب و لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان بڕیاریاندا رۆژی شەممە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان له‌ هه‌ولێر خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.


ئەمرۆ پێنجشه‌ممه‌ لەسه‌ر بانگهێشتی حیزبی شیوعی كوردستان، 14 لایەنی سیاسی لە بارەگای كۆمیتەی هەولێری حزبی شیوعی كوردستان كۆبوونەوەو تیایدا چەند بڕیار و پێشنیازێكیان دەكرد، یەكێك لەوانە گردبوونەوەیەكه‌ كە بڕیارە ڕۆژی شەممە ئەنجامی بدەن.

ئەحمەد شێروانی سكرتێری كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەك هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە بەرامبەر هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كە جێگەی داخە لە پێش وڵاتانی دونیا و مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو هێرشە بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجام دەدرێت، بۆیە ناكرێت لێی بێدەنگ بین.

وتیشی: "چەند بژاردەو پیشنیازێكیشمان تاووتوێ كرد، بەڵام دوامانخستن و بەپێی بارودۆخەكان لە داهاتوودا بڕیاری له‌سەر دەدەین و كاری لەسەر دەكەین، لەوانە گردبوونەوە لەبەردەم كونسڵخانەی ئەمریكا و كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان".

ئەوەشی خستە روو: رۆژی شەممە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان گردبوونەوەیەك لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەین و یاداشتێكیان ده‌ده‌ینێ.

ناوی لایەنە بەشداربووەکان
1- پارتی دیموكراتی كوردستان
2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
3- بزوتنەوەی گۆڕان
4- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
5- هاوپەیمانی نیشتمانی
6- حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
7- حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8- بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
9- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
10- پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
11- حیزبی بیت نەهرین
12- بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری
13- حزبی شیوعی كوردستان
14- رێكخراوی كلدو ئاشوری حزبی شیوعی كوردستان- عەنكاوە

 

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure