ئەردۆغان هەلى ژیان بۆ داعش دەگەڕێنێتەوە

هەواڵ / جیهان :: 10/10/2019‌ :: 303‌ جار بینراوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا

دواڕۆژ

مەترسییەکان لەبارەى گەڕانەوەى رێکخراوى داعش بۆ سەر گۆڕەپانى ناوچەکە روو لە زیادبوونن، ئەمەش هاوکات لەگەڵ راگەیاندنەکەى تورکیا بە دەستپێکردنى پڕۆسە سەربازییەکانى لە باکورى خۆرهەڵاتى سوریا.


کەناڵى (سکاى نیوز عەرەبییە) بڵاویکردوەتەوە: لەکاتێکدا هێزەکانى سوریاى دیموکرات، کە لەلایەن وڵاتانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش و لەنێویشیاندا ئەمریکا پشتیوانى دەکران، توانییان دەسەڵاتى داعش لە ناوچەکە بەرەو کۆتایى ببەن، راگەیاندنەکەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا بە کشانەوە لە باکورى سوریا رێگەى بۆ دەستپێکردنى پڕۆسەى سەربازى تورکیا خۆشکرد کە بەپێى شارەزایان ئەنجامەکەى کارەساتبار دەبێت و مەترسیدارترینیشیان ئەگەرى گەڕانەوەى داعشە.

مستەفا بالى، وتەبێژ بەناوى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە تویتەرەوە دەربارەى کشانەوەکەى ئەمریکا رایگەیاند: کارى زۆر ماوە بۆ رێگرى لە دووبارە گەڕانەوەى داعش و پارێزگاریکردن لەو دەستکەوتانەى لەو رووەوە بەدیهاتوون.

بالى، لە تویتێکى تردا هۆشدارى ئەوەشیدا کە "ئەوکاتەى تورکیا چەکدارانى دەستگیرکراوى داعش وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپا و جیهان بەکاردەهێنێت، وەک چۆن پەنابەرانى سوریاى بەکارهێنا، بەبیرى ئەوانەیدا دەهێنینەوە کە متمانەیان بە تورکیا کرد کە بێدەنگییەکەیان هۆکارى سەرەکى رووداوەکان بووە".

شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە شەڕى دژ بە داعش لە سوریا نزیکەى 11 چەکداریان بوونەتە قوربانى.

بەڵام کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هێرشەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان، پێدەچێت هەموو قوربانیەکانى رابوردوویان بسڕێتەوە.

ئا: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە