خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 442‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایده‌گه‌یه‌نێت: كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانی گه‌وره‌ و ملیۆنی له‌ ناوخۆی توركیا ئه‌نجامبده‌ین دژی هێرشی ئه‌ردۆغان بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان. 


عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان (ئەمڕۆ چوارشەممە 9ى تشرینى یەکەمى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی هێرشی سوپای توركیاین بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی فورات و رۆژئاوای كوردستان، ئه‌و هێرشه‌ی توركیا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان بڕیاری له‌باره‌وه‌ داوه‌، خوێنی هه‌ر مرۆڤێك له‌و جه‌نگه‌ بڕژێت سه‌رۆك كۆماری توركیا لێی به‌رپرسیاره‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئێمه‌ وه‌ك هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ به‌ ئاشتی و دیموكراسی كێشه‌كانی رۆژئاوای كوردستان چاره‌سه‌ربكرێن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هه‌وڵێكمان خسته‌گه‌ڕ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ توركیا ئاشتی ناخوازێت و بژارده‌ی شه‌ڕی هه‌ڵبژاردووه‌، له‌و دۆخه‌شدا ناكرێت گه‌لی كورد بێده‌نگ بێت، ئێمه‌ش رێگه‌ی تێكۆشان و به‌رخودان هه‌ڵده‌بژێرین. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌ده‌په‌ باسی له‌وه‌شكرد: هه‌ده‌په‌ چالاكی مه‌ده‌نی جۆراوجۆر له‌ توركیا، ئه‌وروپا، باكور و باشوری كوردستان ئه‌نجامده‌دات و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خۆپیشاندانی گه‌وره‌ و ملیۆنی له‌ دیاربه‌كر و باكوری كوردستان ئه‌نجامبده‌ین دژی هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان. 

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure