نۆبڵى ساڵى 2019 لە بوارى پزیشکیدا

هەواڵ / زانست :: 10/10/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئەگەر 200 ساڵ لەمەوپێش کەسێک بیگوتایە حەبێک هەیە بیخۆیت لە ماوەى نیو کاتژمێردا سەرئێشەکەت ناهێڵێت ئەوا بە کەسێکى جادووگەر و سحر بازیان دادەنایت. دوێنێش کە ناوى براوەکانى خەڵاتى نۆبڵ لە بوارى پزیشکى و فیسیۆلۆجیدا بۆ ساڵى 2019 ڕاگەیەنران بە شێوەیەکى گشتى هەمان کەش و هەواى سحر و جادووگەریەکى بە دووبارەکراوەى دەبینینەوە .سێ زانا بۆ ئەم خەڵاتە کاندید کران چونکە توانیویانە ئەو ڕێگەیە بدۆزنەوە کە خانەکان هەست بە بوونى ئۆکسجین دەکەن لە دەوروبەریاندا ئەو میکانیزمەشیان دیاری کرد کە خانەکان دەیگرنە بەر کاتێک لەبرى ئۆکسجینەکە گۆڕانى بەسەردا دێت. ڕەنگە بپرسیت بڵێیت جا ئەم دۆزینەوەیە چ پەیوەندیەکى هەیە بە حەپى سەرئێشەوە کە پێشتر باسمان کرد؟ 

لە راستیدا پەیوەندى زۆرە. هەر دەرمانێک کە دەچێتە جەستەمانەوە بۆ چالاککردن یان ڕێگرى کردن لە کاریگەریەک، مادەیەکى کیمیاییە و دەچێتە شوێنێکى دیاریکراوى جەستەوە پاشان کارلێکى لەگەڵدا دەکات بۆ ئەوەى ئەرکەکەى بەجێبهێنێت. کەواتە پێش داهێنانى هەر دەرمانێکى تازە پێویستە زۆر زۆر بە وردى پێکهاتەى ناوچەیەکى دیاریکراوى جەستە تێ بگەین و بزانین چ پێکهاتەیەکى کیمیایی تێدایە پاشان توێژینەوە بکەین بزانین چۆن دەتوانین کاریگەریی لەسەر ئەو ناوچەیە دروست بکەین. پێشتر دەمانزانى خانەکانى جەستە زۆر بە وردى مامەڵە لەگەڵ ئۆکسجیندا دەکەن. کاتێک ئۆکسجین کەم دەبێت گورچیلەکان هۆرمۆنێکى تایبەت دەردەدەن. ئەم هۆرمۆنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرهەمهێنانى خڕۆکەى سوورى زیاتر تا زۆرترین دەرفەت بۆ جەستە بڕەخسێت سوود لەو ئۆکسجینە وەربگرێت کە هەیە. ئەمە بە ئاشکرا لەو ناوچانەدا کە بەرزن و بڕێکى کەمتر ئۆکسجینیان تێدایە.

ئێمە دەزانین DNA تایبەت بە هەموو زیندەوەرێک وەکو کتێبێکى گەورە وایە کۆدى هەموو خەسڵەتەکانى ئەو زیندەوەرەى تێدایە بۆ نموونە باڵا، ڕەنگى چاو، شێوەى گوێ، شێوەى لووت، ڕەنگى قژ، ئەرکى خانەکان و تا دواى ئەم ترشە ناوەکیە پێکهاتەیەکى کیمیای زۆر درێژە لە شێوەى شریتێکى دوفاقیدا بەڵام لە بنەڕەتدا پێکهاتووە لە دووپاتبوونەوەى چوار یەکەى جیاواز. ئەم یەکانە نزیکەى سێ ملیار جار لەسەر شریتە درێژەکەى DNA  دووپات دەبنەوە و هەر کۆمەڵێکیان گوزارشت لە خەسڵەتێک دەکات.

ئەو یەکە کیمیاییانەى کە گوزارشت لە خەسڵەتێک دەکەن پێیان دەگوترێت جین لە زیندەوەرە سادەکاندا خەسڵەتەکە ڕەنگە یەک جینى پێویست بێت بەڵام لە زیندەوەرە ئاڵۆزەکانى وەکو مرۆڤدا ڕەنگە چەند جینێکى پێویست بێت . براوەیەکى خەڵاتەکەى دوێنێ ، سیمنزا ، کاتێک بۆ ئەو جینە دەگەڕا کە بەرپرسیارە لە پێکهێنانى هۆرمۆنێکدا بۆى دەرکەوت کە لە تەنیشتیەوە ناوچەیەک هەیە کاریگەرە لەسەر چالاکیەکانى ئەو جینە لەو ناچەیەدا دوو جۆر پڕۆتین هەن و کاتێک بڕى ئۆکسجینى ناو خانەکە کە نزم دەبێتەوە ئەم دوو پڕۆتینە دەلکێن بە ناوچە دراوسێکەى جینى هۆرمۆنەکەوە و هانى دەدەن هۆرمۆنەکە بەرهەم بهێنێت . کاتێکیش ڕێژەى ئۆکسجین بەرز دەبێتەوە یەکێک لەو دوو پڕۆتینە تێک دەشکێت و بەرهەمهێنانى هۆرمۆنەکە دەوەستێت .وەرگرێکى ترى خەڵاتەکە ناوى بیتەر ڕاتکلیفە لەگەڵ سیمنزا کارى کردووە دواتر بۆیان دەرکەوت ئەو دوو پڕۆتینە لە هەموو جەستەى مرۆڤدا هەن. هەروەها ئەو پرسیارەیان وروژاند کە پڕۆتینەکە چۆن تێک دەشکێ و بۆ کوێ دەچێت.

هەر لەو کاتەدا ویلیەم کایلین کە براوەى سێهەمى خەڵاتەکەیە سەرگەرمى توێژینەوە بوو لەسەر نەخۆشیەکى بۆماوەى کە دەرەنجامى گۆڕانکارییەکە لە یەکێک لە جینەکاندا.
تووشبوانى ئەم نەخۆشیە بۆماوەییە لە خەڵکى ئاساى زیاتر تووشى شێرپەنجە دەبن ئەمەش ماناى وایە جینەکە ئەگەر سرووشتى بێت شێرپەنجەکە ڕوو نادات. ئەم سێ زانایە پێکەوە توانیان بگەنە ئەنجامى ئەوەى کە ئەو جینە بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنانى پڕۆتینێک کە دژى دوو پڕۆتینەکەیە. جا مادەم ئەم جینە پەیوەندى هەیە بە شێرپەنجەوە کەواتە خانە شێرپەنجەییەکان هەمان میکانیزم بەکاردەهێنن بۆ گەشەکردن و پەل و پۆ هاویشتن، واتە ئەم جینە وا دەکات ئەگەر ڕێژەى ئۆکسجینیش سروشتى بێت دوو پڕۆتینەکە هەر چالاک بن بۆئەوەى ژمارەى خڕۆکە سورەکانى ئەو ناوچەکە زیاتر گەشە بکات کەواتە ئێمە لەم حاڵەدا دەستمان گەیشتووە بە میکانیزمێکى نوێ کە دەتوانێت گەمە بە خانە شێرپەنجەییەکان بکات لە ڕێى دروستکردنى دەرمانى تایبەتەوە کە بتوانن ڕێگرى لە دوو پڕۆتینەکە بکەن لە کاتى ئۆکسجینى سروشتیدا بەم ڕێگەیە خانە شێرپەنجەییەکان لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوە دەوەستن . بەڵام سوودەکانى ئەم دۆزینەوانە بوارى شێرپەنجە تێ دەپەڕێنێت مەسەلەکە پەیوەندى بە ئۆکسجینەوە هەیە کە نهێنیە سەرەکیەکەى ژیانە .

وەک چۆن بە بێ ئۆکسجین مۆم ئەکوژێتەوە، ژیانیش بە بێ ئۆکسجین نامێنێت کەواتە ئەم دۆزینەوەیە دەرگایەکى گەورە بە ڕووى زۆر مەسەلە و بابەت و نەخۆشیدا دەکاتەوە دەبێتە دەسپێکێک بۆ ڕێکخستنى ژیانى مرۆڤ بە شێوەیەکى باشتر . بوارى ئەم توێژینەویە پێمان دەڵێت هێشتا زۆر بابەتى وورد و نەزانراو لە جەستەماندا هەن کە تێگەیشتن لە هەر کامێکیان دەرگایەکى تازە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشى زیاتر و چاک کردنى ژیانمان . بەڵام پێویستە ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاو بێت کە ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکى دوورو درێژ و سەخت و دژوارە و قەن بڕ ناکرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە