کردەوە سەربازییەکەى تورکیا چەند قۆناغە؟

هەواڵ / جیهان :: 09/10/2019‌ :: 2128‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سەرچاوە سەربازییە ئاگادارەکان دەڵێن نەخشە سەربازییەکەى تورکیا کە دژى کوردى رۆژئاوا دەستیپێکرد لە سێ قۆناغ پێکدێت و هەتا سەرەتاى ساڵى 2020 بەردەوام دەبێت. واتە ماوەى چەند مانگێک بێ پچڕان درێژە دەکێشێت و دەرئەنجامەکەى بریتى دەبێت لەوەى کە دەیان شارۆچکە و سەدان گوندى کوردى لە باکوورى سوریا راستەوخۆ دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵى تورکیاوە.


سەرچاوەکان دەڵێن: ئەو هێرشە لە چەند قۆڵێکەوە ئەنجام دەدرێت و یەک ژوورى عەمەلیاتى یەکگرتوو بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە کە شاڵاوە سەربازییەکانى تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانى ئەنقەرە هاوئاهەنگ بکات.

رۆژنامەى واشنتۆن پۆستیش لە ژمارەى ئەمڕۆیدا وتارێکى لەوبارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: لێپرسراوە ئەمریکییەکان کوردى رۆژئاوایان ئاگادارکردووەتەوە کە لە ماوەى 24 کاتژمێرى داهاتوودا تورکیا شاڵاوە سەربازیى و زەمینییەکانى دەستپێدەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ کاردانەوەیەک نانوێنێت، ئامانجى ئەم هێرشەى تورکیا داگیرکردنى (گرێ سپى) و (سەرێ کانی)یە.

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارى ئەمریکیش دەڵێن: پێدەچێت هێرشە تورکییەکە هاوئاهەنگى هەبێت لەگەڵ رووسەکاندا. واتە ئەو هێزانەى کە رووسیا پشتیوانییان لێدەکات لە باشوورەوە پەلامارى کوردستانى رۆژئاوا دەدەن، بە ئاڕاستەى ناوچەى تەپقە و شوێنەکانى تر. هاوکات داعشیش شانە نووستووەکانى شارى رەقە دەجووڵێنێت و شەوى رابوردوو چەند هێرشێکیان ئەنجامدا.

چاودێرە بیانییەکان زۆر دەترسن لەوەى لە ئاکامى ئەم شاڵاوەى تورکیادا هەزاران زیندانیکراوى داعش و خێزانەکانیان لە ئۆردوگا و زیندانەکان ئازادبکرێن بێ ئەوەى ئەمریکا هیچ نەخشەیەکى جێگرەوەى هەبێت. ئەمەش دەبێتە کارەساتێکى گەورە لە ئایندەدا کە تەنیا هەر ترامپ لێى بەرپرسیارە.

پ: ع. ژ



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure