کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتاییهات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 814‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و بارودۆخی عێراق و سوریا و ئەگەری هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی ناوخۆیی تاووتوێکرا. 


(ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2019) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوبادتاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان کۆبوونەوە و تاووتوێی چەند پرسێکی گرینگی ناوچەکە کرا.

لەکۆبوونەوەکەدا حکومەتی هەرێم پاڵپشتی خۆی بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆچارەسەری کێشەکان و  ئاساییبوونەوەی دۆخی عێراق.

لەلایەکی تریش ئاڵۆزبوونی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تاووتوێکرا و لەئەگەری ڕوودانی شەڕ لەناوچەکەدا، هاوکات وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی ئامادەکاری و پێداویستیەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان خستەڕوو و تێیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان کراوە خۆیان بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان ئامادەبکەن.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دانانی میکانیزمی پێویست بۆزامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەژداریەکانی کرێکاران خرایەڕوو.

هەروەها کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتێکی دەربارەی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران لایەنی پەیوەندیداری ڕاسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشداریەکانیان بەگوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کریکاران.


لەلایەکیتریش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبڕگەیەکدا تیشکی خستە سەر سەردانەکەی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانەکە بەگرنگ و بایەخدار وەسفکرا.

 

پ: ک.س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure