پەرلەمانى کوردستان: كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا رێگاخۆشكەرە بۆ هێرشی سەربازی لە ناوچەكەدا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 77‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: دڵ و دەرونمان لەگەڵ خەڵكی خۆمانە لە رۆژئاوای كوردستان، هەروەها كشانەوەی بەشێكی سوپای ئەمریكا لە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان رێگا خۆشكەرە بۆ هێرشی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان بۆیە ئێمە هێرشی سەبازی بە هەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە.


(ئەمڕۆ چوارشەممە 9ى تشرینى یەکەمى 2019) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە نێو تەلارى پەرلەمان هەڵوێستی پەرلەمانی لەسەر دۆخی رۆژئاوای كوردستان خستەڕوو.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئێمە دیسانەوە دەیڵێینەوە لەگەڵ دۆزی رەوای گەلی كورد داین لە تەواوی پارچەكانی كوردستان. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كاتێك كە كۆبانێ لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش دابوو پێشمەرگەی كوردستانی رەوانە كرا.

وتیشی: "ئێستا پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەڵوێستەكەی ئەوەیە ئێمە نیگەرانیەكی قوڵ و تەواومان هەیە بەرامبەر بە كشانەوەی بەشێك لە سوپای ئەمریكا لە سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان کە رەنگە رێگاخۆشكەر بێت بۆ پەلاماری سەربازی لە ناوچەكەدا چونكە پێمانوایە گەلی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریانەی لە سوریان هەیە بە مافە رەواكانی بگات و هەروەها مافی هاوڵاتی بوونیان هەبێت و مافی ئیدارەدانی ناوچەكانیان هەبێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پێویستە كورد لەچوارچێوەی پڕۆسەی گفتوگۆكان كە بۆ دەستوری سوریا دادەنرێت بەشداربێت وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی.

هێمن وتیشی: "ئێمە بەهەموو شێوەیەك هێرش و پەلامارەكانی رەتدەكەینەوە و لەگەڵی نین، دڵ و دەرونمان لەگەڵ خەڵكی خۆمانە لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و دامەزاروەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوخۆ و دەرەوەش لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ ئەوەی یەكگوتاری سیاسیی هاوبەشمان هەبێت لە بەرامبەر پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا".

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure