حزبه‌ كوردستانییه‌كان رێک كه‌وتن و ژنێك نوێنه‌رى كورد ده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 809‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بۆ جارى یه‌كه‌مه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى خورماتوو هه‌موویان به‌ پارتى دیموكراتى كوردستانیشه‌وه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداربن و ژنێک كاندیدیان ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان.


كه‌ریم شوكر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى حه‌وزه‌ى حه‌مرینى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ 8ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 له‌ شارى كه‌لار و له‌ باره‌گاى لقى گه‌رمیانى پارتى دیموكراتى كوردستان حزبه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى خورماتوو كۆبوونه‌وه‌.


وتیشى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو حزبه‌ كوردییه‌كان رێك که‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سنوورى خورماتوو بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى بكه‌ن و له‌ پێناو ئه‌و نوێنه‌ریشیان سه‌ربخه‌ن ئافره‌تێك كاندید ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین كاندیده‌ ئافره‌ته‌كانى پێشووتر به‌ كه‌متر له‌ چوار هه‌زار ده‌نگ ده‌رچوون. بۆیه‌ كه‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى ده‌كه‌ن به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌توانن كاندیده‌كه‌یان سه‌ر بخه‌ن.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و كاندیده‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ده‌بێت، به‌ڵام به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌كو یه‌كێتى چه‌ند ژنێكیان ده‌ستنیشان كردووه‌ و له‌ داهاتوودا یه‌كێك له‌وانه‌ دیارى ده‌كه‌ن.

له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى خورماتوو چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام پارتى دیموکراتی کوردستان بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شدارى ده‌كات. 

پ: ک. س






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە