ساڵح موسلیم: ئومێدی زیاترمان بە مه‌سعود بارزانی هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 2261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی ته‌ڤده‌م رایگه‌یاند: توركیا له‌ عه‌فرین كوشتن و له‌سێداره‌دان و چه‌ته‌یی و دزی و هه‌موو كرده‌یه‌كی پیسی ئه‌نجامدا، كه‌چی ئه‌مریكا ئێستا گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكردوون هێرشێكی دیكه‌ بكاته‌ سه‌ر كوردان، ده‌ڵێت: "په‌یامه‌كه‌ی بارزانی جێی سوپاسه‌و چاوه‌ڕوانی زیاتری لێده‌كه‌ین". 


ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی ته‌ڤده‌م به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌: ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر كورده‌كان ده‌یكات، به‌ لای ڕۆژئاواوه‌ جێی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ توركیا ده‌یه‌وێت كورد له‌ماڵ و شوێنی خۆی ده‌ربكات و خه‌ڵكی تر بهێنێته‌ جێگای، به‌ڵام كورد ڕاناكات و له‌وڵاتی خۆی ده‌رناچێت و له‌ به‌رخۆدانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، تاكو ئه‌و جێگایه‌ی دوژمن بشكێنن، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو كوردێك كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن.

هاوسه‌رۆكی ته‌ڤده‌م باسی له‌وه‌شكردووه‌: تائێستا مه‌ترسی داعش ماوه‌، به‌ڵام هێشتا پاش بڕیاری كشانه‌وه‌كه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین.

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت: "به‌شێكی زۆری كورد به‌تایبه‌تی له‌ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، نایانه‌وێت له‌ ئێستادا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توند و تۆڵه‌ی نێوان ئێمه‌و ئه‌مریكا نه‌مێنێت و هاوكارییه‌كان ببڕن، به‌ڵكو به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان ده‌وێت، ڕاسته‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنوور كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ له‌ حه‌سه‌كه‌ و دێرزور و ڕه‌ققه".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌كوێ كشاونه‌ته‌وه‌، ساڵح موسلیم وتی: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنوور له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك خاڵی پاراستن به‌كاریان ده‌هێنان، پێیانوتین ڕێنمایی هاتووه‌ و ده‌كشێینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ شوێنه‌كانی تر ماونه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ حه‌سه‌كه‌، نزیكی كۆبانی، هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌ققه‌".

ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین كه‌ چ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئه‌مریكا و توركه‌كاندا ڕویانداوه‌؟، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ر سنوور چاودێرییان ده‌كرد پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌، واته‌ به‌ توركه‌كانیان وتووه‌ فه‌رموون ئێوه‌ ده‌توانن بێن، جا ئیتر توركیا هه‌تا كوێ دێت، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نازانین، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌وێن هه‌ركات توركیا بیه‌وێت هێرش بكات هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

وتیشی: "ئێمه‌ كه‌وتووینه‌ته‌ شه‌ڕێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌ندامی ناتۆ كه‌ خاوه‌نی چه‌كی به‌هێز و جبه‌خانه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌، به‌ڵكو ناتۆ پێی بڵێت كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ناتۆ به‌كارمه‌هێنه‌ یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرشكردنت نییه‌، یا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات، به‌ڵام له‌سه‌رو هه‌مووشیه‌وه‌ هیچ شتێك ئێمه‌ له‌ به‌رگریكردن ناوه‌ستێنێت".

ده‌شڵێت: "ئه‌مریكا به‌رگری بكات یان نا، ئێمه‌ هه‌ر به‌رده‌وامین له‌به‌رگریكردن، به‌ڵام ئه‌وكاره‌ی ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كردوومانه‌ پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌".

موسلیم باس له‌وه‌شده‌كات: په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی جێی سوپاسه‌ و چاوه‌ڕوانی زیاتریان لێی هه‌یه‌.

ساڵح موسلیم له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان وتی: "بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێکی باش دەزانین و جێی سوپاسەو پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کە بەوشێوەیە بێت، ئومێدی ئێمە لەسەر کاک مەسعود زیاترە لەوەی کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات، دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان باش بکات و لەگەڵ ئێمە-شدا پەیوەندی باشی ھەبێت، به‌بڕوای ئێمه‌ یەکێتی کوردان له‌ ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک ته‌نا بۆ (ڕۆژئاوا) بەتەنیا، بۆ تەواوی کوردستان بە گشتی لەبەر ئەوەی ئەو مەترسیەی کە ھەیە بۆ تەواوی کورده‌".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure