زانیاری نوێ له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 753‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندی باڵای یەكێتی بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانن بۆ گەرموگوڕی پەیوەندییەكانیان و داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكانی پێشتریشیان دەكەن.


ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد و تەنیا بۆ ماوەی 45 خولەك كۆبوونەوە.

عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شاندی باڵای یەكێتی بۆ مەبەستی پیرۆزبایی لەهەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی خانە سەردانیان كردوون.

وتیشی: "ئەو هەنگاوە بەباش دەزانین تا گەرموگوڕی بكەوێتەوە نێوانمانه‌وه‌، پێیانوایە دۆخی كوردستان و حكومەتی خۆجێی سلێمانی وا پێویست دەكات لەگەڵ یەكێتی پەیوەندییەكی پتەویان هەبێت".

عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەشكرد: پێشتریش داوای كۆبوونەوەی سێقۆڵییان كردووە، هەم بۆ ئەوەی پشتیوانی كابینەی نوێ بكرێت و هەمیش گوتارێكی سیاسی هاوبەش هەبێت لەئاستی عێراق و ناوچەكە و پرسی چاكسازی پەیوەست بەخەڵكی كوردستان.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی: "ئێمە و یەكێتی رێككەوتنی گرنگمان هەیە و پەیامی هەردوو جوامێر مام جەلال و كاك نەوشیروان پێش كۆچی دواییان ئەوەبوو رێككەوتنێكی باش و سیاسی لەنێوان هەردوولادا هەبێت و پێویستە پابەندی ئەو رێككەوتنانە بین".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure