له‌ رۆژئاوای کوردستان ئاماده‌باشی گشتی راگه‌یه‌نرا و داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی خه‌ڵك ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 2191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی جوڵه‌ی سوپای توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كان، ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی رۆژئاوای كوردستان ئاماده‌باشی گشتی له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا راگه‌یاند.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت: "بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ئاماده‌باشی گشتی له‌ ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا راده‌گه‌یه‌نین و داوا له‌ هه‌موو ئیداره‌ى ناوچه‌كه‌ و داموده‌زگاكان و گه‌له‌كه‌مان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، بچنه‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی توركیا و به‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقی خۆیان هه‌ستن و به‌رگری له‌م چركه‌ساته‌ مێژووییه‌ هه‌ستیاره‌ بكه‌ن".

هه‌سه‌ده‌ هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌كات به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ئه‌نجام بده‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی له‌ سوریاوه‌ ئاواره‌ی وڵاتان بوون.

هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: "به‌پرسیارێتی ئه‌خلاقی ئه‌م دۆخه‌ ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و رووسیا و هه‌موو وڵاتان و داموده‌زگا جیهانییه‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كان، له‌ روودانی كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا ئه‌نجام ده‌درێت".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure