هه‌سه‌ده‌ داوایه‌كی به‌په‌له‌ ئاڕاسته‌ی هاوپه‌یمانان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 922‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌كاتێكدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ توركیا رایگه‌یاندووه‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-یش داوا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات هێرشی ئاسمانی له‌ توركیا قه‌ده‌غه‌ بكرێت بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌یان.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند: داوا ده‌كه‌ن پارێزگارى له‌ هاووڵاتیانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا بكرێت، هه‌روا داوا ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فڕینی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌یان قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن پێشتر له‌ عێراق قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ئه‌و داوایه‌ی هه‌سه‌ده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاند: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر یه‌كه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ته‌واو بوون و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان.

فه‌خره‌دین ئاڵتون به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند: سوپای توركیا و له‌ گه‌ڵ سوپای سوریای ئازاد به‌منزیكانه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ سنووری توركیا-سوریا.

له‌به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ ئاسمانی شاری گرێ سپی و سه‌رێكانی ده‌ستیان به‌ جموجوڵ كردووه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ هه‌سه‌ده‌ش به‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ی راگه‌یاندووه‌ "توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ردوو ناوچه‌ی گرێ سپی و سه‌رێكانی".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌ "هێرشی ئاسمانی له‌به‌رده‌م ئه‌نقه‌ره‌دا كراوه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاسمانی باكووری سوریا له‌ هێزه‌ ئاسامانییه‌كانی توركیا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure