په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 895‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌پێى ده‌رئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى چەند رۆژی رابوردووی لیژنه‌ى هاوبه‌شى حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ چاكسازى، په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى دواده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ى به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان داواى زه‌مینه‌سازى و گفتوگۆى زیاتر ده‌كه‌ن.


ڕۆژى دووشەممە 7ى تشرینى یه‌كه‌م، لیژنەی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەکانی دیکە کۆبووەوە.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه‌ كراوه‌ و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه‌ پێویستى به‌ زه‌مینه‌سازى زیاتره‌ و پێویسته‌ دیراسه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ زیاتر بكرێت و به‌شێك له‌ ئاسته‌نگه‌ سیاسییه‌كانیش چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دایه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى به‌شێك له‌ به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه‌ له‌ ره‌هه‌ندى یاسایى و ته‌كنیكى كێشه‌ى نییه‌، به‌ڵام  له‌ڕووى ره‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كه‌ى كێشه‌ى گه‌وره‌ دروست ده‌كات.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و گرفتانه‌ كراوه‌ كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ناردنى پرۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان دواده‌خات، گرنكترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دا باسكراوه‌ بریتین له‌:

- چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى خانه‌نشینى زیاتر له‌ 111 هه‌زار خانه‌نشین.

- چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌و كادیرانه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى حكومین و له‌ حیزب دوام ده‌كه‌ن.

- چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كه‌كانی حه‌فتا و هه‌شتا.

- بوونى دوو مووچه‌ و سێ مووچه كه‌ به‌شێكیان به‌ یاسایی كراون به‌تایبه‌ت له‌ نێو كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامان.

- ئاسته‌نگى بوونى ده‌رماڵه‌كان  كه‌ ئایا چۆن رێكی بخه‌نه‌وه‌.

- چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 500 فه‌رمانبه‌ر كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوه‌كان بوون.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ قۆناغى ئێستادا حكومه‌ت ته‌نیا ده‌توانێت چاكسازى له‌ بوارى خه‌رجییه‌كانی وه‌ك مووچه‌ و خانه‌نشینی و به‌خشینه‌كان و ئیمتیازاته‌كان بكات و ناردنى یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مان دواده‌كه‌وێت، تاوەكو لایه‌نه‌كان زیاتر گفتوگۆى له‌سه‌رده‌كه‌ن و كۆبوونه‌وه‌ى زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure