داعش هێرشی کردە سەر هێزە کوردییەکانی سوریا

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 636‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌كه‌می 2019، له‌ شاره‌ى ره‌ققه‌، چه‌كداره‌كانى داعش له‌ناكاو هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر چوار خاڵى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات.

محه‌مه‌د به‌ره‌كات، ئه‌ندامى‌ ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نى ره‌ققه‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ، نزیكه‌ى 30 چه‌كدارى داعش ئه‌وانه‌ى سه‌ر به‌ شانه‌ى نوستووى ئه‌و رێكخراوه‌ن، له‌ناكاو هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر چوار خاڵى هه‌سه‌ده‌".

له‌باره‌ى ئه‌نجامى ئه‌و هێرشه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش، به‌ره‌كات ئاشكرایكرد "له‌ سێ خاڵ، چه‌كداره‌كانى داعش شكستیان هێنا و پاشه‌كشه‌یان كرد و هیچ زیانێك نه‌گه‌یشته‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات، به‌ڵام تاكو ئێستا له‌ خانوویه‌كى ناو شاری ره‌ققه‌ سێ چه‌كدارى داعش خۆیان ‌به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌و به‌رگرى ده‌كه‌ن".

محه‌مه‌د به‌ره‌كات، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كه‌ ئه‌م هێرشه‌ى داعش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سوپاى توركیا له‌سه‌ر سنوورى رۆژئاواى كوردستان، ئاماده‌كارى كردووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر  هه‌سه‌ده‌ و كورد، چه‌كداره‌كانى داعش هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌و هاوكارى توركیا دژى هه‌سه‌ده‌ و كورده‌كانى رۆژئاواى كوردستان بكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌و بلاچوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure