سوریا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 5632‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا له‌باره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكوری وڵاته‌كه‌یان، رایگه‌یاند: به‌رگری له‌ هه‌موو خاكی سوریا ده‌كه‌ین و قبوڵ ناكه‌ین هه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌ك یان تۆزقاڵێك له‌ خۆڵی سوریا داگیر بكرێت.


فه‌یسه‌ڵ میقداد جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا به‌ڕه‌سمی له‌سه‌ر ناوچه‌ی باكوری سوریا هاته‌ده‌نگ و به‌ رۆژنامه‌ی وه‌ته‌نی راگه‌یاندووه‌ "داوا له‌ كورده‌كان ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان، چونكه‌ نیشتمان چاره‌نووسی كۆتاییانه‌"، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات كه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌ی باكوری سوریا كه‌ ئێستا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ كوردییه‌كاندایه‌.

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا وتیشی: "به‌ هاووڵاتیان ده‌ڵێین هه‌موو شتێكیان له‌ده‌ستدا، پێویسته‌ گیانی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، له‌ كۆتاییدا نیشتمان به‌خێرهاتنی هه‌موو تاكێكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانی سوریا به‌ رێگه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ و دوور له‌ توندوتیژی چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام به‌رێگه‌یه‌ك پارێزگارى له‌ تۆسقاڵێكی خۆڵی خاكی سوریاش بكرێت".

به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ی 7 تشرینی یەکەمی 2019، ئه‌مریكا هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌ی سنوریی سوریا له‌گه‌ڵ توركیا كشانده‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له‌ لایه‌ن دۆناڵد ترامپ-ه‌وه‌ بۆ هاوتا توركییه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان.

دواى ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا، به‌دران چیا كورد، به‌رپرس له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتدارانی باكوری سوریا (كورده‌كان) گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ دیمه‌شق و رووسیا ده‌ستپێده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ر بۆشاییه‌كی ئه‌منی له‌ ناوچەی باکوری سوریا، ئه‌گه‌ر بێتو هێزه‌كانی ئه‌مریكا ته‌واوی ناوچه‌ سنورییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا چۆڵ بكه‌ن.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure