باسى ئه‌مڕۆ.. په‌نده‌كانى مێژوو، ئابڵوقه‌دانى پاریس و كاریگه‌رییه‌كانى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/10/2019‌ :: 166‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ 15ى ته‌مموزى ساڵى 1870دا ناپلیۆنى سێهه‌م، ئیمپراتۆرى ئه‌وكاته‌ى فڕه‌نسا، نه‌ته‌وه‌كه‌ى په‌لكێش كرد بۆ یه‌كێك له‌ كاره‌ساتبارترین جه‌نگه‌كانى فڕه‌نسا كه‌ به‌ جه‌نگى فڕه‌نسى – پڕوسى ناسراوه‌. پڕوسیا له‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌كێك بوو له‌ میرنشینه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان. له‌و جه‌نگه‌دا فڕه‌نسییه‌كان تووشى چه‌ند شكستێكى یه‌ك له‌دواى یه‌ك هاتن و سه‌رئه‌نجام پڕوسییه‌كان شارى پاریسیان ئابڵوقه‌دا. نه‌یانهێشت هیچ خۆراك و كه‌لوپه‌لێكى پێویست بچێته‌ ئه‌و شاره‌وه‌. برسێتى و قات و قڕى سه‌رتاپاى پاریسى گرته‌وه‌.

ئه‌م رووداوه‌ هێنده‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌ كه‌ له‌ چه‌ندین به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى و هونه‌ریدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ تابلۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ى (ئاڕنست میسۆنیه‌)یه‌، كه‌ شارى پاریسى له‌ شێوه‌ى ئافره‌تێكدا نه‌خشاندووه‌ رووخساری شێرێكى هه‌یه‌ و له‌سه‌ر داروپه‌ردوى شاره‌ وێرانكراوه‌كه‌دا راوه‌ستاوه‌. له‌پشتیشیه‌وه‌ ئاڵاى دڕاوى فڕه‌نسا ده‌بینرێت و هه‌ندێك ته‌رمى سه‌ربازى كوژراویش له‌ژێر پێیدان. ئاسمانى تابلۆكه‌ پڕه‌ له‌ هه‌ور و دوكه‌ڵ. ئه‌م شكسته‌ مۆرى خۆى به‌جێ هێشت له‌سه‌ر هونه‌رى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا.

له‌ڕاستیدا سه‌رده‌مى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگه‌كه‌ پڕوسیا هێزێكى به‌گوڕ و تین بوو، بسماك راوێژكارى ئه‌ڵمانیا بوو ده‌یویست به‌شه‌كانى ئه‌ڵمانیا یه‌كبخاته‌وه‌ و ئیمپڕاتۆریه‌كى ئه‌ڵمانى دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام ئه‌م ئامانجه‌ پێویستى به‌ جه‌نگێك بوو له‌گه‌ڵ هێزێكى باڵاده‌ستى ئه‌وروپادا له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌ كه‌ فڕه‌نسا بوو.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بسماك پیلانێكى داڕشت و فڕه‌نساى خسته‌ ته‌ڵه‌ى جه‌نگه‌كه‌وه‌. ئه‌وه‌ بڕیارێكى باش نه‌بوو چونكه‌ پڕوسیا له‌ڕووى ژماره‌ و جۆرى چه‌كه‌وه‌ باڵاده‌ستتر بوو له‌ فڕه‌نسا. جگه‌ له‌وه‌ش بسماك توانیبووى روسیا و بریتانیا و ئیتالیا بێ لایه‌ن بكات به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌. له‌و جه‌نگه‌دا هه‌موو خه‌ونه‌كانى ناپلیۆن هه‌ره‌سیان هێنا و سه‌رده‌مى ئیمپراتۆریى كۆتایى هات. 

ئابڵوقه‌كه‌ چوار ساڵى خایاند و سه‌رئه‌نجام پاریس كه‌وته‌ چنگى پڕوسیاوه‌. ئه‌ڵمانییه‌كان چوونه‌ ناو پایته‌خته‌وه‌ و ئاگریان له‌ زۆر سیمبولى فڕه‌نسى به‌ردا. خه‌ڵكێكى زۆریان به‌دیل گرت و ژماره‌یه‌كى زۆریش گولله‌باران كران و په‌رده‌ به‌سه‌ر دووهه‌مین ئیمپراتۆرى فڕه‌نسیدا دادرایه‌وه‌، ئیتر سه‌رده‌مى ئیمپراتۆرى ئه‌ڵمانى ده‌ستى پێكرد.

لویس پاستۆر، زاناى به‌ناوبانگى فڕه‌نسى كه‌ خۆى كاره‌ساته‌كه‌ى بینیوه‌ ده‌ڵێت: قات و قڕى و برسێتییه‌كه‌ به‌ راده‌یه‌ك بوو كه‌ خه‌ڵكى پاریس ناچار بوون گۆشتى سه‌گ و پشیله‌ بخۆن.

ئابڵوقه‌دانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو خه‌ڵكى پاریس ناچار ببن ده‌روازه‌كانى ئه‌و شاره‌ به‌ڕووى پڕوسییه‌كاندا بكه‌نه‌وه‌.

پاش ته‌واوبوونى مه‌ڕ و بزن و ره‌شه‌ وڵاخ خه‌ڵكه‌كه‌ ناچار ده‌ستیان كرد به‌ خواردنى گۆشتى ئه‌سپ و ئێستر. ئه‌مه‌ش زۆرى نه‌خایاند چونكه‌ حكومه‌ت ناچار بوو نیوه‌ى ئه‌سپه‌كان بنێرێت بۆ به‌ره‌كانى جه‌نگ. ئیتر خه‌ڵكى پاریس به‌ ناچاریى كه‌وتنه‌ خواردنى گۆشتى گوێدرێژ، پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م ئه‌ویش قه‌ده‌غه‌ كرا. له‌ مانگى تشرینى دووهه‌مى ئه‌و ساڵه‌دا دوكانى بچكۆله‌ بچكۆله‌ له‌ پاریسدا بڵاو بوونه‌وه‌ كه‌ سه‌گ و پشیله‌ و مشكیان تێدا ده‌فرۆشرا. نرخه‌كانیش رۆژ به‌ڕۆژ به‌رز ده‌بوونه‌وه‌.

له‌و قۆناغه‌دا كۆمه‌ڵگاى پاریس بوو به‌ دوو چینى كۆمه‌ڵایه‌تى. چینى هه‌ژاران، كه‌ گۆشتى سه‌گ و مشك و پشیله‌یان ده‌خوارد و چینه‌ خۆشگوزه‌رانه‌كه‌، كه‌ گۆشتى حوشتر و فیل و ورچیان ده‌خوارد. له‌كاتێكدا كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان گۆشتى برژاوى ئه‌سپیان ده‌خوارد، هه‌ژاران له‌ ریزدا ده‌وه‌ستان چاوه‌ڕێى شۆربایان ده‌كرد به‌ ئێسقانى ئه‌سپ.

له‌ مانگى 12دا به‌ یه‌كجارى هێلكه‌ و شیر و كه‌ره‌ له‌ فرۆشگاكاندا دیار نه‌مان. ژماره‌یه‌كى زۆرى منداڵ به‌هۆى به‌دخۆراكییه‌وه‌ مردن. هه‌ندێك راپۆرت ده‌ڵێن له‌ رۆژانى كۆتایى ئابڵوقه‌دا حكومه‌تى فڕه‌نسى ناچار بوو ئێسقانى مرۆڤ بهاڕێت و تێكه‌ڵى ئاردى بكات بۆ نان كردن.

خاڵه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌شدا چێشتخانه‌ى فڕه‌نسى له‌ هونه‌ربازیى خۆى نه‌كه‌وت. جۆره‌ها ته‌كنیك و شێوازى سه‌رنجڕاكێشى خۆراك له‌ سه‌گ و پشیله‌ و مشك و گۆشتى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ داهێنران. ئابڵوقه‌كه‌ فڕه‌نساى وێران و نائومێد و برسیى كرد به‌ڵام به‌ كۆتاییهاتنى ئه‌و قات و قڕییه‌ چێشتخانه‌ى فڕه‌نسى ئاشنایه‌تى په‌یدا كرد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گۆشتى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌دا كه‌ دواتر بوو به‌ سیمبولێكى پاریسى. بۆ نموونه‌ گۆشتى ئه‌سپ، كه‌ تائێستاش له‌ چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كاندا پێشكه‌ش ده‌كرێت. له‌پێش ئابڵوقه‌دا گۆشتى ئه‌سپ قه‌ده‌غه‌ و حه‌رام بوو به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كانى كه‌نیسه‌ به‌ڵام شۆڕشى فڕه‌نسا و جه‌نگه‌كانى ناپلیۆن زۆر حه‌رامیان حه‌ڵاڵ كرد. تا له‌ ساڵى 1866دا یه‌كه‌مین فرۆشگاى گۆشتى ئه‌سپ له‌ پاریس كرایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى فڕه‌نسا كردى به‌ خۆراكێكى یاسایى. 

گۆشتى بۆقیش چیرۆكێكى دیكه‌ى هه‌یه‌. چیرۆكێكى ترى برسێتى كه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى قه‌شه‌كان و تۆماره‌كانى كه‌نیسه‌ى كاسۆلیكى له‌ سه‌ده‌ى دوانزه‌هه‌مدا. له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانى كه‌نیسه‌ پێیان وابوو قه‌شه‌كان چه‌ورى زۆر ده‌خۆن بۆیه‌ كه‌نیسه‌ بڕیارى دا له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراوى ساڵدا گۆشت خواردن قه‌ده‌غه‌ بكرێت، ئه‌مه‌ش قه‌شه‌كانى ناچار كرد گۆشتى بۆق بخۆن. دواتر به‌خێوكردنى بۆق و فرۆشتنى بوو به‌ بازرگانییه‌كى به‌سوود، به‌تایبه‌ت له‌ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا كه‌ چێشتخانه‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانى پاریس گۆشتى بۆقیان پێشكه‌ش ده‌كرد.

راپۆرتێكى ئێستا ده‌ڵێت فڕٍه‌نسییه‌كان ساڵانه‌ 160 ملیۆن رانى بۆق ده‌خۆن. ماوه‌ى 40 ساڵیشه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ مانگى نیساندا هاوڵاتیانى خۆرهه‌ڵاتى فڕه‌نسا فیستیڤاڵێكى تایبه‌ت ساز ده‌كه‌ن كه‌ تیایدا هه‌زاران كیلۆ رانه‌ بۆقى تێدا ده‌خورێت. رانى بۆق به‌ برژاوى و به‌ كوڵاوى و به‌ سووره‌وه‌كراوى و به‌ مزركراوى پێشكه‌ش ده‌كرێت. ده‌ڵێن تامى گۆشتى بۆق له‌ تامى گۆشتى مریشك ده‌چێت كه‌ ماسى تێكه‌ڵ كرابێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure