قەیرانی تۆلستۆی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 123‌ جار بینراوە

نوسینی: نەجوا بەرەكات
ئامادەكردنی: دواڕۆژ 


مرۆڤی باڵا هەمیشە لە دژایەتیەكی ئاشكرادا دەژی لە نێوان ئامانجەكانی كە تێپەڕاندنی مەرج و بارودۆخە مرۆییەكە لە لایەكەوە و ئەو واقعە سەخت و دژوارەی كە تیایدا دەژی و پێچەوانەی ئامانجەكانیەتی لە لەیەکی دیکەوە. تۆلستۆی، ئەدیبی بەناوبانگی ڕووسی (1828_1910) ئەم وێنەیەی بە ئاشكراترین شێوە تێدا بەرجەستە بوو بوو.

تۆلستۆی پاش تەواوكردنی كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبی بەهێز، لە سەرەتای چلەكانی تەمەنیەوە تووشی قەیرانێكی ترسناك بوو كە هەتا مردیش لە كۆڵی نەبووەوە. ئەو خۆی دەڵێت كتوپڕ ژیانم وەستا. هیچ ئارەزوویەكم تێدا نەما. هەستم كرد هیچ مەسەلەیەك نیە سەرنجم ڕابكێشێت، ژیان لە ڕاستیدا شتێكی بێ هودەیە گەیشتمە قوڵایی نشێوەكانەوە و بۆم دەركەوت هیچ شتێكم لەبەردەمدا نەماوە بێجگە لە مردن.

ئەم خۆ بە هیچ زانین و بێ هودەییەی ژیان هەمیشە بە دوایەوە بوو، بەڵام كارەساتە ڕاستەقینەكەی تۆلستۆی لەوەدا بوو كە نەیدەتوانی بەدڵی خۆی بژی و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بیروباوەڕ و ئامانج و فەلسەفەكەیدا كە زۆر جیاواز بوو لەگەڵ واقعی ڕۆژانەیدا. ئەو دەیویست وەك سواڵكەرێك بژی، بانگەوازی دەكرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی موڵكداری، كەچی نەیتوانی دەستبەرداری ماڵ و موڵكەكەی ببێت و خێزانەكەی لێیان بێ بەری بكات. ئەو داوای پاكیزەی دەكرد لە كاتێكدا خۆی چڵێس و ئافرەت دۆست بوو. كاتێك بڕیاریدا لە كەنیسەیەكدا بژی جل و بەرگی جوتیاری ڕووسی پۆشی، كەچی یەكێك لە خزمەتكارەكانی لەگەڵدا بوو. ئاواتی ئەوەبوو تەنیا و گۆشەگیر بژی، بەڵام هەمیشە ماڵەكەی پڕ بوو لە میوان و ڕۆژنامەنوس و هەواداری نوسینەكانی.
 
تۆلستۆی زوو زوو دەیگوت: (ئاخ خۆزگە دەمتوانی لە پێناو بیروباوەڕەكانمدا ئازار بچێژم، ڕەنگە ئەو كاتە كاریگەرییان تەواو جیاواز بوونایە) تۆلستۆی قەت خۆی وەكو نوسەرێك خۆش نەویستووە، بەڵكو لە ڕاستیدا ڕقی لە هونەر و ئەدەب دەبووەوە. دەڵێت: (هونەر درۆیە، ئیتر من ناتوانم درۆیەكی جوانم خۆش بوێت). بەڵێ‌ لە لای تۆلستۆی هونەرمەندان درۆزن و فێڵباز و ساختەچین، هیچ سودێكیان نیە تەنیا كاتمان بەفیڕۆ دەدەن و دەمانخەڵەتێنن. پارچە زەوییەك بكێڵیت زۆر باشترە لەوەی شیعرێك بنوسیت. یارمەتیدانی هەژاران لە دانانی ئاوازێك گرنكترە. تۆلستۆی بەرهەمەكانی پۆشكین و شەكسپیر و بتهۆڤنی بە هیچ نەدەزانی. دەیگووت كاغەزی دیوانەكەی پۆشكین بۆ ئەوە باشە جگەرەی پێ بپێچیتەوە بۆ گەلی ڕووسیا.

ساڵی 1891 تۆلستۆی بڕیاریدا لە هاوسەرگیریەكەی هەڵبێت. بە كردەوە خۆی تەرخان كرد بۆ پاكیزەی و گۆشەگیری. موڵك و ماڵەكەی بەسەر خێزانەكەیدا بەشكرد. بەڵام شەڕێكی قورس لە نێوان ئەم و هاوسەرەكەیدا هەڵگیرسا كاتێك ژنەكەی پێش مردنی خۆی ڕێگەی نەدا بیرەوەرییەكانی بڵاوبكرێتەوە . شەڕە جنێو و قسەی سووك بە یەكتر وتن سیمای پەیوەندی ئەو ماوەیەیان بوو چونكە هاوسەرەكەی پێی وابوو لەو نوسینانەدا هێرشی كردووەتە سەر.

لە دوای ئەم ناكۆكیە لەگەڵ ژنەكەیدا ، تۆلستۆی تووشی ناكۆكی بوو لەگەڵ كەنیسەدا . ئەو پێی وابوو بیروباوەڕی كەنیسەی ئەرسۆدۆكسی ناگونجێت لەگەڵ ئینجیلدا، بۆیە هەوڵیدا بیروباوەڕێكی تایبەت دابهێنێت كە مافی خاوەندارێتی زەوی ڕەت بكاتەوە و هەروەها گۆشت خواردن و جەنگ و ڕاوكردنیشی حەرام كرد.

تۆلستۆی لەم بوارەدا دوو كتێبی نووسی كە كەنیسە قەدەغەی كردن بەڵام ئەو بەم وتەیە وەڵامی كەنیسەی دایەوە : (من بڕوام بە خودایەك هەیە كە بەلای منەوە ڕۆح و خۆشەویستی و سەرەتای هەموو شتێكە ) . ئەم ڕستەیە جۆش و خرۆشێكی گەروەی لە سەرتاسەری ڕووسیادا دروست كرد . گەنجان و خوێندكاران پێشوازیەكی گەرمیان لێ كرد و ئەم نوسەرە حەفتاو سێ ساڵەیان كردە ڕابەر و پەرستراوی لاوانی ڕۆشنبیری وڵات تەنانەت دەستە دەستە خەڵكیش لە ڕووسیا و ئەوروپاوە دەچوون بۆ زیارەتی.
 
لە یادی هەشتا ساڵەی تەمەنیدا، كە ماندوو بوو بوو لە هەموو ژاوە ژاوەكانی دەورووبەری، نوسیویەتی: (زۆر ئارەزوو دەكەم بڕۆم) هەر بەم هەستەوە لە شەوی 21 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1910 دا جانتای كۆكردەوە و پزیشكەكەی لە خەو هەڵسان و فەرمانی پێكرد پێكەوە بە نهێنی هەڵبێن . دەڵێت (ڕۆحم بە هەموو هێزی خۆیەوە حەزری لە ئیسراحەت و تەنیاییە بۆئەوەی بتوانم بە ویژدانێكی ئاسودەوە بژیم، خۆ ئەگەر ئەمە مەحاڵ بوو ، هیچ نەبێ دەتوانم هەڵبێم لەدەست ئەو ناكۆكیە قورسەی نێوان ئیمان و ژیانمدا).

تۆلستۆی ماوەیەكی كەم لە لای خوشكە ڕاهیبەكەی دەمێنێتەوە و پاشان درێژە بە كۆچەكەی دەدات. تووشی ئەنفلۆنزا دەبێت و بە ناچاری وێستگەیەكی شەمەندەفەردا نیشتەجێ دەبێت كە بەڕێوەبەری وێستگەكە دەیناسێتەوە شوقەكەی خۆی پێشكەش دەكات تایدا بژی. ئیتر پەیدا پەیدا خزم و كەس وكار و ڕۆژنامەنووس و وێنەگر و قەشە و هەوادار سەردانی دەكەن.

لە 20ی تشرینی دووهەمدا تۆلستۆی كوژایەوە. هەموو ئەو شتانەی بەدیهێنا كە وەكو پیاوێك خەوی پێوە دەبینین، بگرە زیاتریشی بەدیهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەیناڵاند بەدەست ئەشكەنجەیەكی ڕۆحیەوە كە نەیدەزانی سەرچاوەكەی چیە. ئەمە درێژەی كێشا تا ئەو كاتەی توانی لەگەڵ ناخی خۆیدا ئاشت بێتەوە، واتە تا ئەو كاتەی كە بیرواباوەڕێكی ئاینی تایبەت بە خۆی داهێنا _ مەسیحیەتێكی بێ زیندوو بوونەوە مەسیحیەتێكی بێ كەنیسە _ ئەم دینەی تۆلستۆی سێ كۆڵەكەی سەرەكی هەبوو: نا توندوتیژی، ژیانی هەژار و سادە، رەتكردنەوەی دەوڵەت بە خۆی و سوپا و زیندان و ستەم و درۆكانیەوە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure