لەبارەی دیارینەكردنی ڕەنگ بۆ تاكسییەكانی هەڵەبجە ڕوونكردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2019‌ :: 141‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

دوایئەوەی دوێنێ سێشەممە وەزارتی گواستنەوە و گەیاندن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چەند رەنگێكی دیاریكرد بۆ لۆگۆی تایبەت بە تاكسییەكانی پارێزگاكانی هەرێم و هیچ رەنگێكی بۆ هەڵەبجە دیاری نەكرد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە لە دواڕۆژەوە روونكردنەوە دەدات.

عەمید حەمەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە دیاریكردنی رەنگی سور بۆ لۆگۆی تاكسییەكانی پارێزگای هەولێر و شین بۆ پارێزگای سلێمانی و رەشیش بۆ پارێزگای دهۆك، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوە گفتوگۆمانكرد كە بۆ هیچ رەنگێك بۆ پارێزگای هەڵەبجە دانەنراوە؟ پێیان راگەیاندین كە ئەو رەنگانەی دانراون بۆ پارێزگاكان جێبەجێناكرێن بەڵكوو لۆگۆی تایبەت بە تاكسی جێبەجێدەكرێت كە هەموو كوردستان یەك شێواز و یەك جۆرە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەمەودوا هەموو كەسێك ناتوانێت كاری تاكسی بكات، بەڵكوو ئەو كەسەی كە دەیەوێت تاكسی پێبێت دەبێت مۆڵەتی تایبەتی پێبدرێت بەجۆرێك دەبێت پشت بە بایۆمەتری ببەسترێت كە ئەو كەسە فەرمانبەر نییە و كاری سەرەكی تاكسی دەبێت پاشان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەماهەنگی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی رێكارە نوێیەكانی تایبەت بە كاری تاكسی لە پارێزگاكانی هەرێم.


بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ كۆمپانیا و كەسانی پسپۆڕ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەبارەی چۆنییەتی دروستكردنی شێواز و جۆری ئەو لۆگۆیانەی كە لە داهاتوودا دەدرێت لە تاكسییەكانی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم ئەوەش بە مەبەستی رێكخستنەوەی كاری تاكسی لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure