بڕیاره‌ كتوپڕه‌كه‌ى ترامپ ره‌نگه‌ دیارییه‌كى ژه‌هراویى مینڕێژكراو بێت بۆ ئه‌ردۆغان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 300‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
عه‌بدولبارى عه‌توان نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى دیارى عه‌ره‌ب و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (ره‌ئى ئه‌لیه‌وم)، سه‌روتارى نوێترین ژماره‌ى رۆژنامه‌كه‌ى ته‌رخانكردووه‌ بۆ په‌لاماره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاواى كوردستان (باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا). ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ پوخته‌كه‌یه‌تى:

"زۆر كه‌س دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ (گه‌مژه‌) و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌ (فاشیل) له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ زۆر راست بێت، به‌ڵام بڕیاره‌ كتوپڕه‌كه‌ى به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا (2000) سه‌رباز له‌ باكوورى سوریا و ناوبرنى جه‌نگه‌كان به‌ (پووچ) و ده‌ستبه‌رداربوونى له‌ كورده‌ هاوپه‌یمانه‌كانى، ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌خۆداچوونه‌وه‌ى ستراتیژییه‌ و داننانه‌ به‌ شكسته‌كاندا و كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كانه‌ كه‌ تائێستا گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ى 100 ملیار دۆلار. 

ئه‌م له‌شكركێشیه‌ى توركیا ره‌نگه‌ (قومار)ێكى گه‌وره‌ بێت و زۆر له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان بكه‌وێت و ده‌ره‌نجامى پێچه‌وانه‌ى لێبكه‌وێته‌وه‌. بڕیاره‌ له‌ناكاوه‌كه‌ى ترامپ-یش ره‌نگه‌ دیارییه‌كى ژه‌هراوى و مینڕێژكراو بێت بۆ سه‌رۆكى توركیا و راكێشانى سوپاكه‌ى بێت بۆ خستنه‌ (داو)ێكى زۆر مه‌ترسیداره‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت ترامپ له‌ ئه‌ردۆغان خۆشبێت له‌پاى كڕینى سیستمى مووشه‌كى ئێس 400ى روسى و زاڵكردنى به‌سه‌ر سیستمى پاتریۆت-ى ئه‌مریكیدا. 

مه‌ترسیه‌كانى توركیا له‌م سه‌ركێشییه‌ سه‌ربازییه‌یدا یه‌ك و دوان و سیان نیین، به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ندێكیان له‌م چه‌ند خاڵه‌دا كۆبكرێنه‌وه‌:
یه‌كه‌م: سوپا هێرشبه‌ره‌كه‌ى توركیا خۆى له‌به‌رده‌م هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات-دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ مه‌شقپێكراو و راهێنراون و شاره‌زایى زۆر وردیى جه‌نگییان هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌م ئه‌مریكا به‌ته‌واوى پڕچه‌كى كردوون و هه‌م ئه‌زموون و شاره‌زایى زۆریشیان له‌ شه‌ڕى داعشدا په‌یداكردووه‌ كه‌ توانییان ریشه‌كێش و تاروماریان بكه‌ن. 

دووه‌م: ئه‌و تێچوونه‌ داراییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ى كه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ پێویستییه‌تى، ئینجا ئیداره‌دانى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵى توركیاوه‌ و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ژیانى دانیشتوانه‌كه‌ى، هه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌ خۆیان نیشته‌جێى ناوچه‌كه‌ن و هه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت له‌ توركیاوه‌ رایانبگوێزێت، ژماره‌یان چه‌ند ملیۆن كه‌سێك ده‌بێت، ئه‌مانه‌ مه‌سره‌ف و خه‌رجییان ده‌وێت. توركیا له‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى ئارام-دا به‌نیازبوو ئه‌مریكا به‌شێك له‌و قورساییه‌ داراییه‌ بخاته‌ سه‌ر شانى خۆى، به‌ڵام كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌مجۆره‌ى ئێستا كه‌وته‌وه‌ ئیدى ده‌بێت توركیا ئه‌و باره‌یش له‌خۆى بنێت، ئه‌مه‌یش وه‌ختێك مه‌ترسیدارتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بزانین ئابوریى توركیا خۆى له‌خۆیدا ته‌پیوو و داڕووخاوه‌. خۆ قوڕه‌كه‌ى توركیا خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى (لیندسى گراهام)ى سیناتۆر جێبه‌جێ بكرێت كه‌ داوا له‌ گۆنگرێس ده‌كات له‌پاى ئه‌م ره‌فتاره‌ى ئه‌نقه‌ره‌-دا گه‌مارۆى ئابوریى بخرێته‌ سه‌ر توركیا.

سێیه‌م: ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سوپاى سوریا بێته‌ مه‌یدان و بكه‌وێته‌ رووبه‌ڕووى سوپاى داگیركه‌رى توركیاوه‌. چونكه‌ حكومه‌تى سوریا هۆشداریى داوه‌ له‌ هه‌ر پێشێلكردنێكى سه‌روه‌ریى سوریا له‌لایه‌ن توركیاوه‌.
چواره‌م: خۆ ئه‌گه‌ر سوپاى تورك سه‌ركه‌وتوو بێت و ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وا حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیى (بۆمبێكى ته‌وقیتكراو). ئه‌و بۆمبه‌یش ئه‌و هه‌زاران چه‌كداره‌ى داعش-ه‌ كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورده‌كاندان. توركیا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆمبه‌دا ده‌كات؟ دادگاییان ده‌كات؟ زیندانییان ده‌كات؟ مه‌سره‌فیان ده‌كێشێت؟ له‌وێ ده‌یانهێڵێته‌وه‌ یان ده‌یانباته‌ ناو توركیاوه‌؟ ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ زۆربه‌یان ئه‌ورپین و نایانه‌وێت بچنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان، ئه‌ى توركیا چییان لێده‌كات؟

بڕیاره‌كه‌ى ترامپ به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا و ده‌ركردنى وڵاته‌كه‌ى له‌م (شه‌ڕه‌ بێهووده‌یه‌) هه‌ر ته‌نیا كێردێكى تازه‌ى ژه‌هراوى نییه‌ كه‌ له‌ پشتى كورد-ى ده‌دات (ئه‌و كورده‌ى هه‌رگیز هیچ له‌ چه‌قۆلێدانه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ فێرنه‌بووه‌) به‌ڵكو ره‌نگه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ كشانه‌وه‌ى ته‌واوه‌تیى سه‌ربازییانه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا به‌ عێراق و سعودیه‌ و كوه‌یت-یشه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌موو بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو. ئه‌مه‌یش جێبه‌جێكردنى یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ ترامپ به‌ ده‌نگده‌ره‌كانى خۆیى داوه‌. ئه‌وه‌تا باره‌گاى فه‌رمانده‌یى هێزى هه‌وایى له‌ قه‌ته‌ر-ه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ خاكى ئه‌مریكا. فڕۆكه‌هه‌ڵگر  و پاپۆڕ و كه‌شتیه‌ جه‌نگییه‌كانى له‌ كه‌نداوه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئۆقیانوسى هندى. له‌وه‌یش بێمنه‌ته‌ كه‌ كورده‌كانى هاوپه‌یمانى ده‌ستى لێده‌شۆن و پێیان ده‌ڵێت شه‌ڕى داعشتان به‌ چه‌ك و پاره‌ى ئێمه‌ كردووه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌م كابرایه‌ بڕیاریداوه‌ ناوچه‌كه‌ جێبهێڵێت. خه‌نجه‌ره‌ ژه‌هراوییه‌كانى ترامپ هه‌میشه‌ هه‌ڵكێشراون بۆ لێدان له‌ پشت و له‌ سنگ. ئیدى كه‌ى ده‌یوه‌شێنێت و كێ پێشده‌خات ئه‌وه‌یان شتێكى تره‌.

ئه‌م به‌ئاسانیى پشتكردنه‌ كورده‌ى هاوپه‌یمانى ئه‌مریكا له‌لایه‌ن ترامپ-ه‌وه‌ و به‌م خێراییه‌، ده‌بێت (نوقڵانه‌یه‌كى خراپ)بێت بۆ هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌كانى ترامپ كه‌ گره‌و ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌یانپارێزێت".  

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure