خەڵات بەسەر براوەكانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دابەشكرا

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

چوارەم فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدابەشكردنی خەڵات بەسەر براوەكاندا كۆتایی هات، ئەندامێكی لیژنەی دادوەرانیش دەڵێت: "بەشێوەیەكی زانستی براوەكان دیاریكراون".


ئێوارەی ئەمڕۆ 7ی تشرینی یەكەمی 2019 لە هۆڵی تەلاری هونەر لەشاری سلێمانی، مەراسیمی كۆتایی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەم فێستیڤاڵە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2019 دەستیپێكرد و  كۆمپانیای ئاسیاسێڵ سپۆنسەری بوو.

فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەناوی شێرپەنجەی زەوی بوو، بەبەشداری 134 فیلم لە 79 وڵاتی جیهانەوە بەڕێوەچوو لەكۆی 134 فیلمەكەش 44 فیلمیان كوردین، نوێنەر یاخود دەرهێنەر و پرۆدیوسەری سەرجەم فیلمە بیانییەكانیش ئامادەییان هەبوو.

بەشێك لەو فیلمانەی لەفێستیڤاڵەكەدا بەشداربوون چوونە كێبڕكێ لەوانەش (11 فیلمی دیكۆمێنتاریی نێودەوڵەتی، 7 فیلمی دیكۆمێنتاری كوردی، لەبەشی بەهرەی نوێ 12 فیلم، 10 فیلمی درێژ، 22 كورتە فیلمی نێودەوڵەتی، 15 كورتە فیلمی كوردی، شەش فیلمی ئەنیمەیشنی كورت).

هونەرمەند هەوراز محەمەد، یەكەم رۆژی فێستیڤاڵ خەڵاتی هونەرمەندی كۆچكردوو تەهای كەریمی وەرگرت، بەدواڕۆژی راگەیاند: ساڵ بە ساڵ فێستیڤاڵ باشتر دەبێت، فیلمەكان لەڕووی كوالێتی و جۆرایەتییەوە باشترن، ئەو پانێڵانەی هەبوون باشبوون، هیوای بەردەوامی زیاتر بۆ فێستیڤاڵەكان دەخوازین لەپێناو باشتركردنی هونەری كوردی.

هەروەها ئەحمەد مەحمود، ئەندامی لیژنەی دادوەران بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: سێ خەڵاتی ئاڵتونی كە گەورەترین خەڵاتی فیستیڤاڵن دابەشكران، دواتر لە بەشی كورتە فیلمی ناوخۆ و دەرەوە سێ خەڵاتیان هەبوو، بەشەكانی دیكەش خەڵاتی خۆیان هەبوو.

ناوبراو روونیكردەوە: لیژنەكان بەزانستی كارەكانیان كردووە و زۆربەیان كەسانی دەرەوەی وڵاتن و پێنج دادوەریش كورد بوون، لیژنەكان بەویژدانی هونەری پاك بڕیاریان داوە، هیچ فێستیڤاڵێك بێ كەموكوڕی نابێت، بەڵام ئەمساڵ توانرا زۆربەی كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن.

هونەرمەند ژینۆ عەلی، دەرهێنەری باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی (رۆژێك لەڕۆژانی كوردستان) خەڵاتی زێڕینی وەرگرت و بەدواڕۆژی راگەیاند: كورتە فیلمەكەی باسی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەستدرێژی سێكسی خێزانی كردووە بۆ سەر كچانی هەرزەكار، چونكە ئەو هونەرمەندانەی فیلم دەكەن دەبێت بەو بابەتانە كاریگەر بووبن، بۆیە ئەویش لەو رووەوە هەستی بەبەرپرسیارێتی كردووە.

هاوکات دەرهێنەر واحید كفری بەدواڕۆژی وت: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ لە سێ خولی پێشتر زۆر باشتر و ئەكادیمیتر بوو، هەمانكات بەشداری فیلمە كوردییەكان زیاتر بوو، ئەم فێستیڤاڵە قۆناغێكی باشتری بڕی ئەویش بەبەشداریكردنی هونەرمەندانی هەولێر و كەركوك و بەغدا.

پ: ن.ر
ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure