دۆڕاوەكان ئەوانەن پشتیان بە ترامپ بەستبوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 496‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


سەرچاوە: واشینتۆن پۆست

وەرگێڕان و ئامادەكردنی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا

هەفتەكانی رابوردوو تەنیا هەر بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا زەحمەت نەبوون بەڵكو كاریگەرییە نەرێنییەكانی پەلیان هاویشت بۆ هاوپەیمانە نزیكەكانی ئەو لە دەرەوەی ئەمریكا.

ئادەم تایلۆر پەیامنێری كاروباری دەرەوە لە رۆژنامەی واشینتۆن پۆست دەڵێت: "ئێستا سەركردەكانی بریتانیا و ئوستورالیا و یابان و و هەتا دەگاتە سعودیەش لە خۆیان دەپرسن ئاخۆ هەڵە نەبوون كاتێك كە پشتیان بە دۆناڵد ترامپ بەست و گرەویان لەسەر راستگۆیی و هاوپەیمانی ئەو كردووە".

رسواییەكەی ئەم دواییەی ترامپ سەبارەت بە كێشەی گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەی ئەو لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیادا ئێستا گەیشتووەتە ئاستی سوود وەرگرتنی خراپ لە پۆستەكەی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و كار گەیشتووەتە ئەوەی كە داوا بكرێت پێداچوونەوەی پێویست ئەنجام بدرێت دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان ترامپ و هاوپەیمانی دەرەكییە نزیكەكانی.

چەند راپۆرتێك ئاماژە بەوە دەكەن كە ترامپ گوشاری خستووەتە سەر سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و سەرۆك وەزیرانی ئوستورالیا بۆ ئەوەی زانیاریی پێ‌ بدەن. ئەم دوو سەرۆك وەزیرە هەوڵیان داوە پەیوەندی باش لەگەڵ ترامپدا بپارێزن هەرچەندە ترامپ نە لە بریتانیا خۆشەویستە نە لە ئوستورالیادا و ئەم پشتگیریی كردنە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی و شەرعیەتی حكومەتەكانی ئەو دوو وڵاتە.

سەرۆكی ئەمریكا لە سیاسەت و پەیوەندییەكانیدا زوو زوو هەڵوێستی چاوەڕوان نەكراو وەردەگرێت و لەپڕێكدا هاوپەیمانەكەی دەكات بە دوژمن بۆیە ئێستا زۆرێك لە هاوپەیمانەكانی ترامپ چاوەڕێ‌ی ئەو رۆژەن كە فیلمیان لای ترامپ بسووتێت.

پەیامنێرەكەی واشنتۆن پۆست دەڵێت هاوپەیمانە عەرەبەكانی ترامپ لە هەمووان زیاتر زیان دەكەن بەتایبەت سعودییە و ئیمارات. چونكە ترامپ تائێستاش خۆی ساغ نەكردووەتەوە كە ئایا بۆ پشتیوانیكردن لەو دوو وڵاتە سەركێشی بەرپاكردنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا دەكات یان لەڕاستیدا مەبەستیەتی كۆبوونەوەیەكی لوتكە لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێراندا ببەستێت. بۆیە محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە بەم دواییە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا پشتگیری نەكرد لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا. حكومەتی تارانیش رایگەیاندووە كە سعودیە لەڕێی سەركردەی دەوڵەتێكی ترەوە چەندین نامەی بۆ سەرۆكی ئێران ناردووە.

ئەم هەنگاوانە هاوكاتن لەگەڵ بڕیاری حكومەتی ئیمارات سەبارەت بە كشانەوە لە جەنگی یەمەن. ئیمارات و سعودیە زۆریان پێشكەشی حكومەتەكەی ترامپ كرد لە هەموو روویەكی سیاسیی و بازرگانی و دیپلۆماسیەوە بەڵام كە دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە هێرشیان كرایە سەر، ریاز و ئەبوزەبی بۆیان دەركەوت ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێراندا بكرێت ئەوان لە ئەمریكا زیاتر زیانیان پێ‌ دەگات.

دانووستانەكانی ترامپیش لەگەڵ كۆریای باكووردا بووەتە هۆی بێ‌ هیوابوونی یابان و كۆریای باشوور، بەتایبەت كە كۆریای باكوور بەردەوامە لەسەر تەقاندن و هەڵدانی مووشەكە دوورمەوداكان بە ئاڕاستەی ناوچە بازرگانییەكانی یابان و كۆریای باشوور.

تەنانەت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش كە هاوپەیمانێكی زۆر نزیكی ترامپە بۆی دەركەوت كە هاوڕێیەتی كردنی سەرۆكی ئەمریكا كاتییە و پشتی پێ‌ نابەسترێت. ئەمە زیاتر بۆ ناتانیاهۆ ئەوكاتە دەركەوت كە ترامپ بە ئاشكرا خۆی لە نەتانیاهۆ دوورخستەوە پاش دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل.

نووسەری راپۆرتەكە دەڵێت: "وڵاتانی بیانی ناهەقیان نییە هەوڵ بدەن هاوپەیمانی لەگەڵ ترامپدا ببەستن چونكە تائێستاش ویلایەتە یەكگرتووەكان بەهێزترین دەوڵەتە لە جیهاندا و لۆجیك وایە كە هەوڵ بدرێت دۆستانە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا مامەڵە بكرێت".

لەلایەكی دیكەوە ئەو سەركردە ئەوروپی و خۆرئاواییانەی كە رووبەڕووی ترامپ وەستاونەتەوە ئێستا دووچاری كێشەی ناوخۆیی بوونەتەوە لە وڵاتەكانی خۆیاندا. سەرەڕای ئەمانەش هەندێك ركابەری ویلایەتە یەكگرتووەكان دواجار وازیان لە مامەڵە كردن هێنا لەگەڵ ترامپدا. لەم رووەوە قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند کە گفتوگۆ كردن لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا كارێكی مەترسیدارە.

تایلۆر لە كۆتایی وتارەكەیدا باسی وڵاتی چین دەكات كە یەكەمین دوژمنی ترامپە لە سیاسەتی دەرەوەیدا و بەم دواییە بڕیاری داوە لەبری مامەڵەكردن لەگەڵ ترامپدا چاوەڕێ‌ی كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بكات و رەنگە ببێتە یەكێك لە براوەكانی ئەو ریسواییانەی كە رووبەڕووی ترامپ بوونەتەوە. پەكین باوەڕی وایە ترامپ ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بە لاوازیی تەواو دەكات. پێدەچێت ئەم بۆچوونە رۆژ بەڕۆژ زیاتر بچەسپێت.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure