باسی ئەمڕۆ... نهێنی بەختەوەریی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 136‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
لە ساڵی 1956ەوە نزیكەی 30%ی ئەو هاووڵاتیانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە راپرسییان لەسەر كراوە، دەڵێن"زیادبوونی سامان و دەستكەوتی ماددی كارێكی ئەوتۆی نەكردووەتە سەر ئاستی بەختەوەرییان، بگرە لەڕاستیدا مەسەلەكە بەم جۆرەیە: كەمیی سەرچاوە بنەڕەتییەكان و دەستكەوتی دارایی دەبێتە هۆی نەمانی دڵخۆشیی، بەڵام زیادبوونی دەستكەوتە داراییەكان بەختەوەریی زیاد ناكات".
سەرنجدان لە ژیانی كەسایەتیە داهێنەرەكانیش، وەك هونەرمەندان و زاناكان، بۆ تێگەیشتن لەو مەسەلەیەی كە هانیداون ژیانی خۆیانی بۆ تەرخانبكەن، دەریخستووە كە پاڵنەرەكە نە دەستكەوتی ماددی بووە نە ناوبانگ. خاڵی جەوهەریی و هاوبەش لە هەستكردن بە كامەرانی لای ئەو كەسایەتیە داهێنەرانە ئەوەیە كە بەشێوەیەكی رۆتینی ژیانی رۆژانەیان بەڕێ‌ ناكەن بەڵكو دەچنە واقیعێكی جیاواز و سەرنجڕاكێشەوە. سەرنج لە شارستانییە هەرە گەورەكانی مرۆڤایەتی بدە كە گەیشتوونەتە لووتكەی سەركەوتنی مرۆڤ، بۆ نموونە شارستانی چینی یان یۆنانی یان هیندۆسی یان میسری، دەبینیت دیاردەی دروستكردنی ئەم واقیعە ئەڵتەرناتیڤە تیایاندا خاڵێكی بەرجەستە و هاوبەشە.
پەرستگاكانیان بۆ ئەوە دروستكراون كە خەڵكەكەی بڕۆن لەوێ‌ هەست بە جیهانێكی جیاوازتر بكەن. گۆڕەپانەكانی شەڕ و سێرك و شانۆكان پاشماوەی ئەو شارستانیانەن. ئەمانە مەبەست لە دروستكردنیان ئەوەبووە كە مرۆڤ باشتر و چڕتر و رێكخراوتر هەست  بە ژیان بكەن.
مرۆڤی داهێنەریش تەنیا پێویستی بەوە هەیە پارچە كاغەزێكی پێبێت چەند نیشانەیەكی لەسەر بنووسێت و لەپڕ بیرۆكەیەك دێتە خەیاڵی. ئەم بیرۆكەیە یان ئەم واقیعە تازەیە ئەزموونێكی زۆر بەهێزە بۆ ئەو مرۆڤە. مێشكی مرۆڤ لەڕاستیدا ناتوانێت لە چركەیەدا مامەڵە بكات لەگەڵ زیاتر لە 110 بیت زانیاریی، بۆیە دەبینین مرۆڤ ناتوانێت لە یەككاتدا لە دوو كەس زیاتر تێبگات كە قسەی بۆدەكەن. كە تۆ تەواو دەچیتە ناو ئەو چركەساتەوە ئیتر دەرفەتی ئەوەت نابێت چاودێریی بكەیت بزانیت جەستەت هەستی چۆنە. گیروگرفتەكانی ماڵەوە و شوێنی كار و تەنانەت هەستكردن بە ماندووێتی و برسێتیشت بیردەچێتەوە. جەستە و ناسنامەت دەبنە شتی هەست پێنەكراو.
ئەوەی توێژینەوەكان سەلماندویانە دەڵێت"مرۆڤ پێویستە لانیكەم 10 ساڵ رۆبچێتە ناو زانیارییەكانی ئەو بوارەوە پێش ئەوەی بتوانێت داهێنانی تێدا بكات، ئیتر بوارەكە بیركاری بێت یان مۆسیقا. كاتێكیش كە داهێنانەكە روودەدات وەك كانییەك هەڵدەقوڵێت، هەڵقوڵانێكی خۆڕسك".
لە بواری بازرگانییشدا مەسەلەكە هەمان خەسڵەتی هەیە. كەسایەتیە سەركەوتووەكانی بواری بازرگانی و كۆمەڵایەتی لە پێناسەكردنی سەركەوتندا دەڵێن"سەركەوتن مەسەلەیەكە یارمەتی كەسانی دیكە دەدات و لەهەمانكاتیشدا وات لێدەكات هەست بە كامەرانی بكەیت لەكاتی ئەنجامدانیدا". هەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە كە تەنیا یەك دانەیان بەس نییە بۆ سەركەوتن. كارەكە پێویستە سۆزیشی لەگەڵدا بێت.
ئەزموونی دامەزرێنەری كۆمپانیای (سۆنی)یش وەك خۆی باسی دەكات، لەهەمان چوارچێوەدا دەخولێتەوە. ئەوان بەبێ‌ پارە و بەبێ‌ هیچ بەرهەمێك بیریان لە دامەزراندنی شوێنێك كردەوە كە ئەندازیارەكان تیایدا هەست بە كامەرانی بكەن لەڕێی داهێنانی تەكنەلۆجییەوە و پێگەی خۆیان لە كۆمەڵگەدا هەست پێبكەن و بەشێوەیەك كاربكەن ویژدانیان رازیی بكەن.
بەبێ‌ هیچ گوێدانێك بە كەلتوور و ئاستی خوێندن و بڕوانامە و هیچ پێوەرێكی تر، هەستكردن بە كامەرانی چەندین مەرجی هەیە، وەك تێكەڵبوون لەگەڵ بابەتەكەدا بەوپەڕی فۆكەسكردنەوە كە سەرئەنجام هێندە بەهێز دەبێت خۆتت لەبیر دەچێتەوە. بەرچاوڕوونییش زۆر گرنگە تا بزانیت بە دیاریكراوی دەتەوێت چی بكەیت لەو چركەساتەدا و هەنگاوی داهاتووت چییە. ئەمە خۆراكێكی فكریی دەستبەجێت دەداتێ‌ و وات لێدێت هەست بە شوێن و كات نەكەیت و خۆت بیر بچێتەوە و ببیت بە بەشێك لە شتێكی گەورەتر. دابینبوونی ئەم مەرجانە وادەكەن كارەكە شایستەی ئەنجامدان بێت.
سەرباری ئەمانەیش هەبوونی هێزێكی بزوێنەر زۆر گرنگە بۆ داهێنان و هەستكردن بە بەختەوەریی. بۆ نموونە رەنگە تۆ ئەگەر فڵانە هاوڕێت لەگەڵدا بێت كارێكی دیاریكراو بە باشترین شێوە ئەنجام بدەیت، ئەمە بزوێنەرەكەتە. بزوێنەر لەو چركەساتەدا ئاڵەنگارییەكان زیاتر دەكات و ئاسانتر دەتگەیەنێتە حاڵەتی هەڵقوڵین. هەندێك جار بزوێنەرەكە هەستكردنە بە دەسەڵات و كۆنترۆڵ. بەداخەوە بەشی زۆری هەستی ئێمەی مرۆڤ لە ناوچەی گوێپێنەدان و كەمتەرخەمیدایە. گەورەترین ئامڕازیش بۆ هەستكردن بە تەمەڵیی و كەمتەرخەمی تەماشاكردنی تەلەفزیۆنە. ئەم زانیاریانەی كە باسمانكردن یارمەتیدەر دەبن لەوەدا كە چۆن رووداوەكانی ژیانی رۆژانەمان بخەینە ناو تەوژمی داهێنان و هەستكردن بە كامەرانیی.

پ: ل. م
ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure