ئایا سوڵتاننشینى عومان ده‌توانێت رێ له‌ هه‌ڵگیرسانى جه‌نگ له‌ كه‌نداو بگرێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 94‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پێگه‌ى میدڵ ئیست ئاى، راپۆرتێكى شیكاریى دوو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى به‌ناوبانگى ده‌رباره‌ى رۆڵى ناوبژیوانیى سوڵتاننشینى عومان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و عومان-ه‌ى كه‌ به‌ڕاى چاودێران له‌نێوان دووبه‌رداشى گوشاره‌كاندایه‌ و نایه‌وێت خۆى به‌لاى لایه‌كى جه‌مسه‌ره‌كاندا لار بكاته‌وه‌. 


ناوبژیوان نییه‌ به‌ڵكو ئاسانكاره‌

له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵوێستى عومان كراوه‌ له‌ مێژووى نوێیدا كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌نگرى گفتوگۆ و دانوستان و هاریكارى بووه‌ له‌پێناو سه‌قامگیریى و ئارامیى ناوچه‌كه‌دا. دوا نموونه‌یش له‌م باره‌یه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كانى سعودیه‌ دراوه‌ كه‌ عومان ویستوویه‌تى (ئاسانى بكاته‌وه‌ نه‌ك ئاڵۆز).


لێره‌دا میدڵ ئیست ئاى، به‌ڵگه‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ئاشتیخوازانه‌یه‌ى مه‌سقه‌ت-ى به‌ چه‌ند لێدوانێكى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عومان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌و ده‌نگانه‌ زۆرن كه‌ پێیانوایه‌ كێشه‌كان به‌ رێگه‌ى دیپلۆماتیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ویستى ئه‌وه‌یان ده‌ربڕیوه‌ په‌ناببرێته‌ به‌ر چاره‌سه‌رى دیپلۆماتى، ئیدى دیپلۆماتیه‌كى ئاشكرابێت یان داخراو. ئێمه‌ وه‌ك سوڵتاننشین رۆڵى ناوبژیوان ناگێڕین به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ئاسانكاریى بكه‌ین".


ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ى كه‌نداو، هه‌میشه‌ خۆیان له‌ باسكردنى ئاشكراى په‌یوه‌ندیى ئاڵۆزى نێوان وڵاتانى ناوچه‌كه‌ پاراستووه‌ و ئه‌مه‌یش له‌ میدیا و راگه‌یاندنه‌كانى وڵاته‌كه‌دا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رۆكى به‌شى زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆى سوڵتان بن قابوس ده‌ڵێت:"زۆر كه‌س له‌ ناو حكومه‌تدا به‌نهێنیى گوزارشت له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێران هانده‌رى هێرشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ بووه‌. زۆربه‌ى خوێندكاره‌كانى خۆیشم پێیانوایه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ له‌م ساڵانه‌ى دواییدا سعودیه‌ و ئیمارات له‌ كه‌نداو په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن، ئه‌وپه‌ڕى دوژمنكارانه‌یه‌".


مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فیل
سوڵتاننشینى عومان ده‌كه‌وێته‌ به‌رى خۆرهه‌ڵاتى ده‌ریاى عه‌ره‌ب-ه‌وه‌، سنوورێكى دوورودرێژى وشكایى له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئیمارات هه‌یه‌، هێڵێكى ده‌شتایشیى هه‌یه‌ به‌ره‌و ئێران له‌ڕووى ته‌نگه‌ى هورمز-دا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جه‌نگى سعودیه‌ و ئێران به‌رپا ببێت، وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن "عومان، وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵوێستێكى قورس و زه‌حمه‌ته‌وه‌، وه‌ك گه‌ل-یش ده‌كه‌وێته‌ ترسى چاره‌نووسى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌". بۆیه‌ شرۆڤه‌كارێك پێیوایه‌:"ده‌بێت عومان به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه‌دا بكات. كاتێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فیله‌كان ده‌كه‌یت ده‌بێت زیره‌ك بیت ده‌نا ده‌تپلیشێننه‌وه‌. ده‌بێت سوڵتاننشینى عومان بزانێت كه‌ هه‌م سعودیه‌ و هه‌م ئێران-یش مه‌ترسیدارن و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ئابورى و ئاینییان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".


سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌م سوڵتاننشینه‌ كه‌نداوییه‌، هه‌وڵى ئه‌وه‌یان داوه‌ و ده‌ده‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌ك بپارێزن. له‌ساڵى 2016دا چووه‌ پاڵ هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تى سعودیه‌ له‌ دژى تیرۆر، ئه‌مه‌ به‌تایبه‌ت داعش-ى كردبووه‌ ئامانج كه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ستى گرتبوو به‌سه‌ر هه‌ندێك خاكى سوریا وعێراق-دا. 


راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابوردووه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى عومان و ئێران (نه‌ك باشه‌ به‌ڵكو پته‌وه‌). له‌و كاتانه‌دا ئێران یارمه‌تیى عومانى داوه‌ بۆ شكستپێهێنانى ئه‌و یاخیبوونه‌ى له‌ باشووردا سه‌ریهه‌ڵدا. دواى شۆڕشى ئیسلامى ئێران-یش په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ر به‌ پته‌وى مانه‌وه‌ و له‌ بواره‌كانى بازرگانى و ئه‌منى و دیپلۆماتى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا زیاتر په‌ره‌یانپێدرا. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵى 2014دا مانۆڕى هاوبه‌شى سه‌ربازییان له‌ ته‌نگه‌ى هورمز-دا كردووه‌. له‌وه‌یش گرنگتر پێش رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌ ساڵى 2015دا، عومان ئاسانكاریى كردووه‌ و به‌رپرسانى ئه‌مریكا و ئێران به‌نهێنى له‌ مه‌سقه‌ت كۆبوونه‌ته‌وه‌ و وتوێژیان ئه‌نجامداوه‌.
ئه‌كادیمیستێكى عومانى ده‌ڵێت:"ساڵانێكى زۆره‌ ئه‌م وڵاته‌ گوشارێكى وه‌ك ئه‌مه‌ى ئێستاى نێوان سعودیه‌ و ئێران رووى تێنه‌كردووه‌، ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مێكى فره‌ جه‌مسه‌ردا ده‌ژین، یان له‌گه‌ڵ به‌ یان دژ". 


به‌ئه‌هریمه‌نكردنى عومان
عومان نه‌چووه‌ ریزى هاوپه‌یمانه‌كانى سعودیه‌ دژى حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن، واتا تاقه‌ ده‌وڵه‌تێكى ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى كه‌نداوه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ وه‌ربگرێت. نه‌ك هه‌ر گه‌مارۆى نه‌خسته‌ سه‌ر قه‌ته‌ر كه‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى كردیان، به‌ڵكو هه‌نارده‌ى نه‌وتى بۆ ده‌وحه‌ دووهێنده‌ زیادكرد. ئێرانیش په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵیدا وه‌ك جاران هێشتووه‌ته‌وه‌. ئه‌مانه‌یش سعودیه‌ و ئیماراتى لێ تووڕه‌ كرد. ساڵى 2016 به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى جه‌نگیى له‌ خاكى عومان-ه‌وه‌ دزه‌ى پێكراوه‌ بۆ حوسییه‌كان، ئه‌گه‌رچى ده‌ستبه‌جێ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ره‌تكرده‌وه‌.


شرۆڤه‌كارێكى عومانى ده‌ڵێت"سعودیه‌ و ئیمارات ده‌یانه‌وێت عومان به‌ئه‌هریمه‌ن بكه‌ن له‌به‌رده‌م راى نێوده‌وڵه‌تیدا، بۆ ئه‌مه‌یش ده‌ڵێن: عومان مادام له‌گه‌ڵماندا نییه‌ كه‌واته‌ دژمانه‌. هه‌ر ئه‌وه‌یش نا به‌ڵكو گوشارێكى زۆرى سیاسى و ئابورییان خستووه‌ته‌ سه‌ر".


ئه‌كادیمستێك ده‌ڵێت"وڵاته‌كه‌مان باجێكى زۆرى ئه‌م بێلایه‌نیه‌ى ده‌دات به‌ڵام بێلایه‌نییش باج-ى ده‌وێت".


دواى سوڵتان قابوس
له‌ باسكردنى دواى سوڵتان قابوس كه‌ ئێستا ته‌مه‌نى 78 ساڵه‌ و درێژترین ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى له‌ناو جیهانى عه‌ره‌بیدا به‌ڕێوه‌بردووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سعودیه‌ و ئیمارات گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر جێگره‌وه‌كه‌ى  سوڵتان قابوس بۆ ئه‌وه‌ى له‌و سیاسه‌تى بێلایه‌نییه‌ دوورى بخه‌نه‌وه‌ و به‌لاى خۆیاندا رایبكێشن و بیكه‌نه‌ نه‌یارى ئێران، به‌ڵام شرۆڤه‌كارانى سیاسى پێیانوایه‌ نه‌ سعودیه‌ و نه‌ ئیمارات ناتوانن كارێكى له‌وجۆره‌ به‌ سوڵتانى داهاتووى عومان بكه‌ن، چونكه‌ سوڵتاننشینى عومان به‌م بێلایه‌نییه‌وه‌ جوانه‌ و به‌مه‌یش توانیویه‌تى هاوسه‌نگیى خۆى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى، هه‌م له‌ ئاستى ناوچه‌كه‌ و هه‌م له‌ ئاستى جیهانیشدا بپارێزێت، جگه‌له‌وه‌ى كه‌ "هه‌ڵوێستى ئاشتیخوانانه‌ وه‌ك كه‌لتوور و نه‌ریتێكى عومانییه‌كانى لێهاتووه‌ و گوشارى ده‌ره‌كیى نایانگۆڕێت".
ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

 بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure