داڕمانی چینه‌ سیاسییه‌كه‌ی عه‌ره‌ب

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 63‌ جار بینراوە

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: دواڕۆژ


ئه‌گه‌ر شه‌پۆلی یه‌كه‌می به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ پێناوی كۆمه‌ڵێك داواكاری سیاسیدا بووبێت وه‌ك ماف و ئازادییه‌كان و راوه‌ستاندنی سه‌ركوتگه‌ری و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وا ناڕه‌زایه‌تی و راپه‌ڕینه‌كانی ئێستا كۆمه‌ڵێك داواكاری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی روون و ئاشكرا ده‌یانبزوێنن له‌ ئه‌نجامی شكستهێنانی سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتخوازی عه‌ره‌بی و تێوه‌گلانی له‌ گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق و میسر و لوبنان ده‌بینرێت.


پێده‌چێت دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی چینه‌ سیاسییه‌كه‌ ئێستا له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌جێندانی گه‌لانی ناوچه‌كه‌وه‌ بێت و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی جموجۆڵه‌كانی بێت له‌ دژی ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كان كه‌ شكستیان هێنا له‌ به‌دیهێنانی ئامانج و داواكارییه‌كانی گه‌له‌كه‌یاندا.

 ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێ ده‌كرێت له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا نه‌مانی متمانه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ حیزب و چینه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وام بوونی سیاسی ئه‌م چینه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ هه‌ندێك وڵاتدا ئه‌م ناڕه‌زایی و بێزاریی و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ به‌ خۆپیشاندان و رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان گوزارشتیان لێ كراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سودان و جه‌زائیر و ئوردن و ئێستای عێراق و میسردا ده‌یبینین، یاخود له‌ڕێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان سه‌لماندووه‌ بۆ نموونه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی تونس كه‌ به‌م دواییه‌ ئه‌نجام درا ده‌ریانخست گه‌لی تونس دوو پاڵه‌وانی گه‌یانده‌ خولی دووه‌م كه‌ سه‌ر به‌ چینه‌ سیاسییه‌ ناسراوه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌ نین.

 روون و ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌كو عێراقدا گه‌نده‌ڵی گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی بێ وێنه‌. له‌ مانگی مایسی رابوردوودا ده‌زگا چاودێرییه‌كانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ عێراق زیاتر له‌ 450 ملیار دۆلاری به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌ له‌كۆی 900 ملیار دۆلار داهاتی نه‌وت له‌ ماوه‌ی 12 ساڵی رابوردوودا، هه‌ندێك ده‌ڵێن ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ هاووڵاتیانی عێراق دژی گه‌نده‌ڵی راده‌په‌ڕن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی تێكچوونی باری ئابووری و گوزه‌رانیان. له‌ دوو ساڵی رابوردوودا عێراق چه‌ندین ناڕه‌زایی تری به‌خۆیوه‌ بینیوه‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان فراوانتر و به‌رده‌وامتر و توندوتیژتره‌ و ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت.

له‌ وڵاتی میسریشدا دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی تاقه‌ دۆسیه‌یه‌ كه‌ توانیویه‌تی ئاوی مه‌نگى سیاسه‌ت له‌و وڵاته‌دا بشڵه‌قێنێت كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ كش و ماته‌. هه‌ڵكه‌وتنی بزنسمانێكی وه‌ك محه‌مه‌د عه‌لی دژی گه‌نده‌ڵی ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ی میسره‌ به‌تایبه‌ت حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌ نه‌یانتوانی وه‌ك ئه‌م پیاوه‌ گوزارشت بكه‌ن له‌ داخوازییه‌كانی شه‌قام.

لوبنانیش نوره‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی تیایدا گه‌وره‌ و تێكئاڵاوه‌ كه‌س نازانێت پاره‌ی ئه‌و یارمه‌تی و هاوكارییانه‌ چی لێ دێت كه‌ پێشكه‌شی لوبنان ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی قوڕه‌كه‌ی خه‌ستكرده‌وه‌ راپۆرته‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بوو كه‌ ئاشكرای كرد سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌عد ئه‌لحه‌ریری 16 ملیۆن دۆلاری به‌خشیوه‌ به‌ ئافره‌تێكی نمایشكاری ئه‌فریقای باشوور ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیدا راببوێرێت. دووفاقی و نه‌گونجانی ته‌واو له‌ نێوان ره‌فتاری چینه‌ سیاسییه‌كه‌ی عه‌ره‌ب و گوتاره‌كانی نیشانی ده‌دات ئه‌م چینه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك درۆزنه‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ هه‌ژاركردنی هاووڵاتیاندا بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م رژێم و حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ بتوانن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی هه‌وڵی چاكسازی  ‌و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی نه‌ده‌ن.


 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure