مووچه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ مووچه‌خۆران ده‌بڕدرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 10737‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: جگه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی ژمێریاری داموده‌زگاكان، مووچه‌ی به‌شێك له‌ خانه‌نشینی و پێشمه‌رگه‌ و ده‌رماڵه‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش ده‌بڕدرێت، ده‌شڵێت: "دوای جێگیركردنی تێبینییه‌كان، پڕۆژه‌ی یاسای چاكسازی ده‌نێردرێته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی".

ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌، 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی و ئاماده‌كردنی بۆ دووباره‌ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆن له‌باره‌ی پرسی یاسای چاكسازی و خانه‌نشینی و ماف و ئیمتیازاته‌كان، كۆبوونه‌وه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، محه‌مه‌د ئیلخانلی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت جه‌ختیان له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ستكاری پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێت ئینجا بۆ په‌رله‌مان ده‌نێردرێته‌وه‌".

وتیشی: "ئه‌مڕۆ، باسی یه‌كخستنه‌وه‌ی مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كخستنه‌وه‌ی ژمێریاری هه‌ردوو یه‌كه‌ی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌ت و ده‌ستانه‌ كراوه‌، كه‌ زیاتر له‌ ژمێریارێكیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ مووچه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ببڕێت كه‌ پێشتر وه‌كو ئیمیتازێك له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن مووچه‌ی مانگانه‌".
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی كردووینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی پێش راپه‌ڕین پێشمه‌رگه‌ بوون، یاخود دوای راپه‌ڕین به‌ كردارى پێشمه‌رگ بوون مووچه‌یان پێده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی خانه‌نشینكراون مووچه‌یان ده‌بڕدرێت".

له‌باره‌ی بڕینی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، محه‌مه‌د ئیلخانلی وتی: "به‌رپرسانی حكومه‌ت پێیانڕاگه‌یاندووین كه‌ ته‌نیا ده‌رماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدێت كه‌ مومارەسه‌ی پیشه‌ی خۆیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ناكه‌ن ئه‌وانه‌ له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان له‌نێوان 15% تاوه‌كو 20%ی فه‌رمانبه‌ران پێكدێنن".

محه‌مه‌د ئیلخانلی وتی: "له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كرێت و وه‌زیره‌كان په‌یوه‌ندار به‌ پڕۆژه‌كه‌، سه‌رجه‌م سه‌ره‌نج و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ وه‌رده‌گرن و له‌ پڕۆژه‌كه‌ جێگه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر بۆ په‌رله‌مانی ده‌نێرێن به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی".

له‌ 3ی كانوونی دووه‌می 2018، حكومه‌تی هه‌رێم پڕِۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، كه‌ له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كردو دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا ئاڕاسته‌ی شه‌ش لیژنه‌ی په‌رله‌مانی په‌یوه‌ندیدار كراو له‌ ماوه‌ی كاركردنی نزیكه‌ی دوو مانگی لیژنه‌كان راپۆرتی هاوبه‌ش ئاماده‌كراو خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆ كردن و په‌سه‌ندكردن.

 له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ له‌ رێكه‌وتی 2018/2/28، كۆی یاساكه‌ په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازارى ساڵى رابوردوو یاساكه‌ى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ حكومه‌ت.
 
   پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure