عیشق و شۆڕش: شیعره‌كانی پابلۆ نیرۆدا

هەواڵ / که‌لتور :: 07/10/2019‌ :: 92‌ جار بینراوە

ئاماده‌كردنی: د.شێركۆ عه‌بدوڵڵا
پابلۆ نیرۆدا یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ شعری خۆی له‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا بڵاوكرده‌وه‌ و تابه‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵ رۆیشت. ئه‌م شاعیره‌ 2000 په‌نابه‌ریشی رزگاركرد و 3 ساڵ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی دوورخرایه‌وه‌ و سه‌روه‌ختێكی بوو به‌ كاندیدی سه‌رۆك كۆماری چیلی.

نیرۆدا شاعیرێكی رۆمانسی و شۆڕشگێڕ و یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین كه‌سایه‌تییه‌كانی بواری ئه‌ده‌ب بوو له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌هه‌مانكاتدا زۆرترین لێكۆڵینه‌وه‌ و مشتومڕی له‌سه‌ر كراوه‌.خه‌سڵه‌تی شعره‌كانی نیرۆدا كه‌ به‌ زمانی ئیسپانی نوسراون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساده‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی رۆژانن كه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ و نه‌مریان به‌جێهێشتووه‌. له‌ ترسی باوكی كه‌ نه‌یده‌ویست ریكاردۆی كوڕی ببێت به‌ شاعیر ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵییه‌وه‌ به‌ ناوی خوازراوی پابلۆ نیرۆداوه‌ ده‌ستی به‌ نووسین كرد. هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌تی له‌ شعره‌كانیدا ده‌ركه‌وتووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ پارچه‌ شعرێكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یدا ده‌ڵێت: (یادی تۆ رۆشناییه‌، له‌ خێڵی دووكه‌ڵه‌، له‌ چۆمێكی ئارامه‌، ئه‌وبه‌ری چاوه‌كانت ئێواران دره‌خشانبوون). دواتر له‌ شعره‌كانیدا نیرۆدا چووه‌ ناو ورده‌كاری شته‌كانه‌وه‌، چووه‌ ناو مه‌سه‌له‌كانی رۆژانه‌ى ژیانه‌وه‌.

قه‌یتانی پێڵاو و شوتی و پیاز نموونه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه‌ نیرۆدا كردوونی به‌ كه‌ره‌سته‌ی شیعر. ئه‌و له‌ وه‌سفی ماسییه‌كی ناو دوكاندا ده‌ڵێت: (ئه‌ژدیهایه‌كه‌ له‌ قوڵایی ئۆقیانوسه‌وه‌. موشه‌كێكه‌ مه‌له‌ ده‌كات. ئێستا جه‌سته‌یه‌كی بێ گیانه‌ و به‌رامبه‌رم كه‌وتووه‌.) نیرۆدا بۆ دابینكردنی گوزه‌رانی ژیانی له‌ چه‌ند پۆستێكی حكومه‌تیدا كاری كردووه‌. له‌ ساڵی 1936دا كه‌ ئه‌و كارمه‌ندبوو له‌ قونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ مه‌درید ئه‌و كاته‌ى جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا ده‌ستی پێكرد و رژێمێكی دیكتاتۆری فاشستی سه‌ربازی حكومه‌تی ئیسپانیای رووخاند. نیرۆدا له‌و ماوه‌یه‌دا یارمه‌تی زۆری هاووڵاتیانی ئیسپانیا ده‌دات كه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌نابه‌رێتی له‌تاو گیانی خۆیان ده‌یانویست كۆچ بكه‌ن بۆ چیلی و هه‌زاران كه‌سی له‌ مردن رزگار كرد.
نیرۆدا له‌ ئه‌زموونی ژیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا له‌ كۆمه‌ڵه‌ شعرێكی سێ به‌رگیدا باسی ده‌كات ئه‌و شعرانه‌ هه‌موو بابه‌تێكیان تێدایه‌، له‌ ناكۆكییه‌ شعرییه‌كانه‌وه‌ هه‌تا به‌رپرسیارییه‌تی شاعیر له‌ به‌رامبه‌ر سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

نیرۆدا ئه‌مه‌كداربوو به‌رامبه‌ر به‌ ئامانجه‌ شۆڕش گێڕانه‌كان و له‌م پێناوه‌دا چه‌ندین ساڵ ژیانی دووره‌ وڵاتی به‌سه‌ر برد و سه‌ره‌نجام ساڵی 1952 توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چیلی. كاریگه‌رترین به‌رهه‌می نیرۆدا كۆمه‌ڵه‌ شعرێكن به‌ ناونیشانی (سروده‌كانی هه‌مۆن) نیرۆدا له‌م به‌رهه‌مه‌دا ده‌یه‌وێت ته‌واوی مێژووی ئه‌مریكای لاتینی به‌ شعر روون بكاته‌وه‌. نیرۆدا ئاماژه‌ بۆ هه‌مووشتێك ده‌كات بۆ گژوگیا و ئاژه‌ڵ و سیاسه‌ت و جه‌نگه‌كان به‌ڵام به‌ڕێزترین بابه‌ت لای ئه‌و رۆڵی مرۆڤی ئاساییه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی شارستانیدا. ساڵی 1970 و له‌ ته‌مه‌نی 66 ساڵیدا بوو به‌ پاڵێوراوی سه‌رۆك كۆماری چیلی، به‌ڵام دواتر له‌ پێناوی سیلڤادۆر ئه‌لێندی پاشه‌كشه‌ی كرد و بوو به‌ یه‌كێك له‌ راوێژكاره‌ نزیكه‌كانی. له‌ ساڵی 1973 ئه‌لێندی له‌ كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیدا كوژرا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیش دوای ئه‌وه‌ نیرۆدا كۆچی دوایی كرد ئه‌مرۆش شعره‌كانی نیرۆدا له‌ هه‌موو خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌گوترێته‌وه‌. شعره‌كانی نیرۆدا هه‌ر وه‌ك ژیانی خۆی عیشق و شۆڕشی پێكه‌وه‌ به‌ستووه‌. به‌ڵام به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چركه‌ساته‌ رۆژانه‌ییانه‌ی كه‌ ده‌هێنن مرۆڤ خه‌باتیان له‌پێناودا بكات.



 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure