یه‌كێتیی تێبینی له‌سه‌ر یاسای چاكسازی هه‌یه ‌و پارتیش باسی زۆرینه‌ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/10/2019‌ :: 36807‌ جار بینراوە

تاگ :: پرۆژە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رای جیایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر یاسای چاكسازی و پێیانوایه‌ به‌ هه‌زاران كه‌سی شایسته‌ تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتیش باس له‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی ده‌كات بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه‌.

له‌ ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌وه‌، 7ی تشرینی یه‌كه‌م، هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌باره‌ی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان ده‌ستپێكرد و وابڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بینێرنه‌ په‌رله‌مان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، فراكسیۆنی یه‌كێتیی تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان به‌ر له‌ په‌سه‌ندكردنی، پێویسته‌ په‌رله‌مان دۆسیه‌ی ئه‌و هه‌زاران فه‌رمانبه‌رە ئاسایی و خانه‌نشینە سه‌ربازی و مه‌ده‌نییانە یه‌كلابكاته‌وه‌ كە له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ‌و سلێمانین و‌ دۆسیه‌كانیان كێشه‌ی یاسایی هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، فراكسیۆنی یەكێتی پڕۆژه‌یاسایه‌كی له‌باره‌ی خانه‌نشینی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی پێشكه‌شكردووە، به‌مه‌به‌ستی به‌ یاساییكردنی فایلی ئه‌و كه‌سانه‌ی مامه‌ڵه‌كانیان دروست نین، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانەوە ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتیی رازی نەبوو ناوی بهێنین ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات: ئه‌و هه‌زاران فه‌رمانبه‌ره‌ی كێشه‌ی یاساییان هه‌یه‌ له‌ دۆسیه‌كانیان له‌ سنووری هه‌ولێر و دهۆكیش هه‌بوون، به‌ڵام له‌ كابینه‌ی ڕابوردوودا سه‌رۆكی دیوان چاره‌سه‌ری كرد، به‌ڵام ئه‌و ناوانه‌ی له‌ سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ‌بوون هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمان ده‌رچوو چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام دواتر فه‌رمانه‌كه‌ لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی داراییەوە راگیرا.

لای خۆیه‌وه‌ ئارێز عەبدوڵا، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی باسی له‌و كێشه‌یه‌ كردووه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ یاساكه‌ن، به‌ڵام پێویسته‌ لە هەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی بکرێت، چونكه‌ لەماوەی دوو ئیدارەییدا بەهۆی هەلومەرجی ئەوکاتەی کوردستان، هەندێک کار کراون کە رەنگە ئەو کارانە بەپێی یاساکانی ئێستا یاسایی نەبن، بەڵام ئێستا دەڵێن با بەوەشدا بێنەوە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: رێگە نادەین نانی کادیرانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت.

لای خۆیه‌وه‌ رێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ سایتی فەرمی حزبەکەی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، مەبەست لە یاسای چاكسازی، كۆمەڵێك كەرتی گرنگە و پێویستە رێكبخرێنەوە، لەوانەش پرسی خانەنشینی و ھەندێ لەو كەسانەی دوو مووچە و سێ مووچەیان ھەیە یان بە بندیوار ناسراون.

ده‌شڵێت: "ھەر فراكسیۆنێك ویستی تەگەرە بخاتە بەردەم پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە، ئەوكات ئێمە وەك پارتی زۆرینەی خۆمان بەكار دێنین و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند دەكرێت."



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure